Fatjon Cuka,Furkan Abdula
22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
تیرانا – AA
فرانكۆ داین كه هه‌ڵگری یه‌كه‌مین ناسناوی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری سه‌رشه‌قامه له ئه‌لبانیا، له رێگای وێنه كێشان له‌سه‌ر رووی ده‌ره‌وه‌ی دیواری ته‌لاره‌كانی تیرانا'ی پایته‌ختی ئه‌لبانیا سه‌رنجی خه‌ڵك راده‌كێشێت بۆ گرنگیدان به خۆشه‌ویستی و دۆستایه‌تی، وه‌ستانه‌وه له دژی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژن و منداڵان و پاراستنی ژینگه.
زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سه‌رشه‌قام هه‌ر له گۆرانیبێژ و ژه‌نیارانه‌وه بگره تاكو ده‌گاته وێنه‌كێشان بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نێكی دڵڕفێنتر به زیندوویی تیرانا بده‌ن، به چێژه‌وه به هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه سه‌رقاڵن. فراكنۆ داین'ی ته‌مه‌ن ٢٨ ساڵ به‌م وێنانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا له رووی ده‌ره‌وه‌ی ته‌لاره‌كانی تیرانا كێشاونی، ناسناوی هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری سه‌ر شه‌قامی به شایسته زاندراوه.

ئه‌م گه‌نجه ئه‌لبانییه كه به‌شی هونه‌ری شێوه‌كاری سه‌رشه‌قامی له زانكۆی هونه‌ره‌جوانه‌كانی تیرانا ته‌واو كردووه، هه‌روه‌ها به‌شداری له خوله‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاریدا كردووه له ئیتاڵیا و لۆكسه‌مبۆرگ.
وێنه‌ی "دوو برا" كه یه‌كێكه له وێنه هه‌ره ناوداره‌كانی داین و تیایدا دوو منداڵ كه ده‌ستیان له ملی یه‌ك كردووه و جله‌كانیان به ئاڵای ئه‌لبانیا و كۆسۆڤا رازێندراوه‌ته‌وه، گوزارشت له برایه‌تی ئه‌لبانی و كۆسۆڤییه‌كان ده‌كات و بووه‌ته جێی سه‌رنجی خه‌ڵك.

داین به په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند كه ده‌یه‌وێت له رێگای هونه‌ره‌كه‌یه‌وه جێپه‌نجه‌ی به سه‌ر دارودیواری شاره‌كه‌دا دیار بێت و په‌یامی خۆی به خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت و گوتی: "له وێنه‌كاندا كار له‌سه‌ر بابه‌تی جیاوازی وه‌ك خانه‌واده، ژینگه و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌م. بۆ نموونه وه‌ستانه‌وه له دژی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژن و منداڵ، پیسبوونی زه‌ریاكان و ژینگه. پێویسته هه‌موومان گرنگی بده‌ین به پاراستنی ژینگه، چونكه كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر هه‌موومان".

وێنه‌ی "خاكی ژه‌هراوی" كه داین به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كێشاویه‌تی له میانی به‌رنامه‌ی رۆژی جیهانیی ژینگه‌دا به یه‌كێك له جوانترین ١٤ وێنه له‌سه‌ر دیواركێشراوهكان هه‌ڵبژێردرا.