Ismael Adnan Yaqoob
21 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2020
دهۆک - AA
پارێزگای دهۆك بە چاندنی برنجی خۆماڵی بەناوبانگە، ئەوەیش بەهۆی گونجاوی ئاو و هەوای ناوچەكە بە تایبەتیش لە قەزاكانی ئامێدی و ئاكرێ، بەڵام ئەمە بۆ جاری یەكەمە برنجی خۆماڵی لەناو شاری دهۆک لەلایەن جووتیارییەكەوە دەچێندرێت.
ئەو جۆرە برنجە خۆماڵییە پێ دەگوترێت، چەڵتوكی شەش مانگیی یان (شەش مەیی) و لە باشترین جۆرەكانی برنجی كوردییە لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی كوردستان.
ئەم جۆرە برنجە خۆماڵییە بۆ چاندنی پێویستی بە پڵەی گەرمی بەرز هەیە، و پشت بە ئاوی باران نابەستێت، بەڵكو بەدرێژایی ماوەی چاندنەكەی بۆ شەش مانگ دەبێت ئاو بدرێت، جگە لەوەیش بەوە ناسراوە كە برنجێكی بە بڕشتە و نرخی یەک كیلۆی لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار دینار بەپێی جۆری برنجەکە دەگۆڕێت.

ــ هیچ كاتێك نەبووە رووەكێکی برنجی خۆماڵی بەم شێوە گەشە بكات
سدیق جەبەلی یەكێك لەو جووتیارانەی كە ئەم جۆرە برنجەی لە ناوەندی شاری دهۆك چاندووە، دەڵێت: "ئێستا یەكەم دروێنەی بەرهەمەكە دەكەین كە ئەمەیش دوا دروێنە نییە، هەروەها ئەوەی ئێستا دەكەین بریتییە لە پەرچكردنی رووەكەكە و ئامادەكردنی بۆ دروێنەی کۆتایی لە مانگی تشرینی یەكەم".
گوتیشی: "بەپیتی زەوییەکە بووەتە هۆی ئەوەی رووەكەکە بەباشی و بەخێرایی گەشە بكات، قەدەکەی زیاد لەپێویست درێژ دەبێت، بۆیە دەست بە پەرچكردنی قەدەکەی دەكەین".
سدیق جەبەلی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "هیچ كاتێك نەمبینووە برنج بەم شێوە گەشە بكات و درێژ بێت، بۆیە پێویست دەكات نیوەی درێژەكەی پەرچ بكرێت یان بیڕدرێت، تاكو بەرهەمێكی باشمان لە مانگی تشرینی یەكەمدا دەست بكەوێت، هەروەها ئەگەری هەیە رووەكەكە بەهۆی درێژبوونی بكەوێت، بۆیە ئێستا رووەكەكە پەرچ دەكەین یان دەیبڕین تاوەكو لەكاتی دروێنەكردندا زیان نەكەین".
ــ هیچ کەسێک پێشبینی سەركەوتنی چاندنی برنجی خۆماڵی لەناو شاری دهۆک نەدەكرد
جەعفەر رەشید كە خاوەن كێڵگەی كشتوكاڵییە لە ناوچەكە ئاماژە بەوە دەكات كە بۆ یەكەمجارە برنج لەناو شاری دهۆك دا دەچێندرێت و گوتی: "كەس پێشبینی سەركەوتنی چاندنی ئەم برنجە خۆماڵییەی نەدەكرد، چونكە ئەو زەوییەی كە برنجەکەی تێدا چێندراوە، بۆ ماوەی زیاتر لە 16 ساڵ بوو جێهێڵراوە هیچی تیایدا نەچێنرابوو".
گوتیشی: "خەڵكی پێیان وابوو كە چاندنی برنجی خۆماڵی لەناو شاری دهۆک سەركەوتوو نابێت، بەڵام بەپێچەوانە دەركەوت، برنجە بوو و سەركەوتنێكی باشی هێنا، چونكە ئەم جۆرە برنجە پێویستی بە پلەی گەرمی بەرز هەیە، ئەم ساڵیش پلەی گەرما لەناوچەكەدا زۆر بەرزبوو".

سەبارەت بە جۆری برنجە خۆماڵییەكەیش جەعفەر رەشید گوتی: "ئەم جۆرە برنجە خۆماڵییە ناوی برنجی شەش مانگییە (شەش مەیی) و جۆری لاریتویا و عەنبەر نییە (جۆرەکانی برنج)، لە سەركەوتووترین برنجی شەش مانگییە لە ناوچەكە".
گوتیشی: "كاتێك ئەم جۆرە برنجە خۆماڵییە لێرە چێندرا، خەڵكی دەیانگوت سەركەوتوو نابێت، بەڵام سەركەوتووبوو و بەشێوەیەكی باشیش گەشەی كردووە، بۆیە خاوەنەكەی ئێستا دەستی كردووە بە پەرچكردنی رووەكەی بەشە زیادەکەی و بڕینی درێژییەکەی تاوەکو بەرهەمێكی باشی دەست بكەوێت".
جووتیاران بۆ بڕین و پەرچکردنی قەدی ئەم جۆرە برنجە داس بەکاردەهێنن و دوای بڕینی قەدی برنجەکە، پاشماوەکەی لە شوێنێکدا کۆدەکەنەوە و بەمەش کێلگەکە ئامادە دەبێت بۆ دروێنەی کۆتایی لە مانگی تشرینی یەکەم.
برنج لەو رووەكانەیە كە لە گۆمێكی بەر لەئاو دەچێندرێت و بەردەوام پێویستی بە ئاودێری هەیە و لە ژینگەیەكی شێداردا دەچێندرێت كە درێژییەكەی دەگاتە مەترێك یان زیاتر.