Heman Hussein Yaseen
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
هەولێر - AA
ھاوینەھەواری پڕژە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری قەزای چۆمان کە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ ناتوێتەوە و ئەمەیش وای کردووە ساڵانە لە وەرزی گەرمادا زۆرترین گەشتیار روو لەو شوێنە بکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارە تەندروستییەکان، هاووڵاتییان نەیانتوانیووە سەردانی پڕژە بکەن.
پلەکانی گەرما هەمیشە لەو ناوچەیە نزمە و هەر ئەمەیشە وای کردووە بەفری زستان لە هیچ وەرزێکدا نەتوێتەوە و لە وەرزی هاوینیشدا، گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دوورکەوتنەوە لە گەرما، روو دەکەنە پڕژە.
لەگەڵ دەستپێکی گەرما، خەڵکێکی زۆری دەورووبەری پڕژە، بەفری کەڵەکەبووی زستان هەڵدەکۆڵن و لە قەزای سۆران دەیفرۆشن.
پڕژە دەکەوێتە دامێنی چیای سەکران و بەڕێگایەکی سەخت و هەورازدا بەناو گوندەکانی خوشکان، بندایزان، ئێنێ و چەند گوندێکی دیکەدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات ئاوێکی سازگار لەژێر بەفرە کەڵەکەبووەکەی پڕژەدا دێتە دەرەوە و پلەی گەرمای ئاوەکە تا پلەی بەستن لە شەودا، دادەبەزێت.