Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2017
سلێمانی AA
كەمێك پێش ئێستا شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی ئەو حزبە و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكە، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، رۆژ نوری شاوەیس و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد و ئەندامی سەركردایەتی پارتی، دڵشاد شەعبان پێكهاتبوون گەیشتنە بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و لەسەر گڵگۆی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا تاجە گوڵینەی دانا.
نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە لایەن هەڵسوڕاوانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و خانەوادەی نەوشیروان مستەفاوە پێشوازی كران، دوای دانانی تاجە گوڵینەش هەردوولا بەرەو ماڵی نەوشیروان مستەفا بەڕێكەوتن و پێكەوە كۆبوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی دوای دانانی تاجە گوڵینە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی كرد بەوەی کە وەك شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەت هاتوون بۆ شاری سلێمانی بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و خێزان و كەسوكاری نەوشیروان مستەفا.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بە تەئكید كاك نەوشیروان هەم وەك سەركردەیەكی ئەم وڵاتە هەمیشە جێگای رێزو تەقدیربووە، ئەگەر سەیری هەموو ژیانی ئەو بكەین دەبینین لە پێناو ئەو بیروباوەڕانەی كە خۆی قەناعەتی پێی هەبووە تێكۆشاوە لە پێناو گەلەكەی هەموو ژیانی سەرف كردووە".
گوتیشی: "ئێمە بە ناوی سەركردایەتی و بە ناوی كاك مەسعود بارزانی و سەركردایەتی پارتی و حكوومەتەوە دیسانەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی بەڕێزیان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی كاك نەوشیروان دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی لەسەر گڵكۆی نەوشیروان مستەفاوە هیوای خواست لەدوای ئەو روداوەوە دۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنەكان دەست پێ بكاتەوە و گوتی: "ئێمە هیوادارین ئەم دەرفەتە ببێتە هۆكار و دەستپێكردنێك بۆ ئەوەی ئێمە هەرچی ئەو كێشانەشی كە هەیە لە هەرێمی كوردستان بتوانین پێكەوە لەگەڵ برایانی گۆڕان و لایەنە سیاسیەكانی تری كوردستاندا پێكەوە چارەسەریان بكەین. بە تەئكید شك لەوەدا نییە خیلافاتی سیاسی لە نێوان ئێمەدا هەبووە بەڵام ئەگەر سەیری كارە هاوبەشەكان و ئەو كارانە بكەین كە پێكەوە ئەو بەڕێزە لە دروستبوونی بەرەی كوردستانی كە رۆڵی هەبووە لەگەڵ رەحمەتی باوكم كاك ئیدریس و دوای ئەوەش لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، هەروەها سەرخستنی راپەڕینی ساڵی 1991 كە پێكەوە پلانیان بۆی دانا و سەركەوتن لەو راپەڕینەدا، دوای ئەوەش لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا كە كاك نەوشیروان رۆڵێكی زۆر باڵای هەبوو لەگەڵ كاك مەسعود و بەڕێزانی تریش لەوانە مام جەلال، ئەگەر سەیری ئەو محەتانە بكەین كاری هاوبەشی پێكەوە كردووە و دەبینی دەستكەوتی زۆر گرنگیشمان بۆ گەلەكەمان بە دەستهێناوە".
سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هیوای خواست لە دوای ئەوەش بتوانن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی ترلە پێناو خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكە كاری باشتر بكەن.
لە لای خۆیەوە كەسایەتی دووەمی ناو بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی سوپاسی هاتنی شاندی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كرد و گوتی: "هیوامان وایە هەموو لایەك كێشە و گرفتە سیاسییەكان لە نێوان لایەنەكان بە گشتی و پارتی و گۆڕان بە تایبەتی بە شێوەی گفتوگۆ و دیالۆگ و برایی و تەبایی چارەسەر بكەین و ئەو بابەتانە بخەینە لاوە لە یەكتر پەراوێزخستن و واقیعەكە چۆنە وا مامەڵە بكەین".
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ٢٠١٧/٥/١٩ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مسەفا لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی، كۆچی دوایی كرد.
رۆژی شەممەی رابردووش لە رێوڕەسمێكی جەماوەریدا تەرمەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە یەكەم رۆژی پرسەكەیدا لە شاری سلێمانی و رۆژی دووەمیش لە شاری هەولێر بەشدارییان كرد، ئەوەش بەلای چاودێرانەوە جێگەی خۆشحاڵیەو بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دۆخی سیاسی هەرێم.