hemn husain
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2016
لە چوارچێوەی كارەكانیدا رێكخراوی UNDP بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و ئاشنابوون بە بنەما سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤ، خولێكی سێ رۆژەی بۆ فەرمانبەرانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەنجام دا و ماوەی سێ رۆژ 45 فەرمانبەر لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەشدار بوون.
دوای تەواوبوونی خولی هۆشیاری و پێشكەشكردنی بابەتەكانییان، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان زیا پترۆس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواندا تیشكی خستە سەر ئامانج و دەرەنجامی پرۆژەكە و بە پرۆژەیەكی سەركەوتووی وەسف كرد.
لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە ناوەڕۆك و ئامانجی پرۆژەكە، زیا پترۆس گوتی: "خولەكە تایبەت بوو بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری فەرمانبەران و چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و چاودێریكردنی كەمپی ئاوارەكان و هەروەها ئەمڕۆ زۆر پێویستە چاودێری یاساكان بكرێت بە تایبەت ئەو یاسایانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی واژوو كراون، هەروەها ئەو یاسایەنەی كە مافەكانی مرۆڤ لە خۆ دەگرێت بە تایبەت مافی ئاوارە و پەنابەران".
سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێریكردنی دەستەی مافی مرۆڤ لە كەمپی ئاوارەكان، زیا پترۆس گوتی: "ئێمە بەردەوام لە هەوڵی چاودێریكردنی كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەرەكانین و هەوڵمانداوە رێژەی پێشێڵكردنی مافەكانی مرۆڤ كەمبكەینەوە".
زیا پتروس گوتی: "كاتی خۆی بەیاننامەیەكمان دەركرد و تێیدا داوامان كردبوو كە سیستەمی پاشەكەوت پێداچوونەوەی بۆ بكرێت بە تایبەت ئەوانەی مووچەیان كەمە و هۆشداریمان دابوو سەبارەت بە روودانی كێشەی كۆمەڵایەتی و یاسایی و دەروونی كە بەداخەوە ئێستا سەیر دەكەین كە لە دادگاكان رێژەی تەڵاق بەرزبووەتەوە و رۆژانە هەواڵی تراژیدی لەوبارەوە دەبیستین، كە ئەمە راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی دارایی هاووڵاتییانەو هەیە".
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هەمواركردنەوەی بڕگەی 111ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 سەبارەت بە كوشتنی ئافرەت لەسەر شەرەف و گوتی: "زۆر خۆشحاڵین كە پەرلەمانی كوردستان بڕگەی 111ی یاسای سزادانی عێراقی هەمواركردەوە چونكە پێشتر ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیگرتنەوە سزاكەیان سووك دەبوو بەڵام لە ئێستادا وەكو كەسێكی بكوژی بە ئەنقەست مامەلەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئێمە وەكو دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ بەردەوام چاودێری جێبەجێكردنی یاساكان دەكەین".
سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، زیا پتروس ئاماژە بە رەوشێكی خراپ دەكات و دەڵێت "بەداخەوە كە رەوشی مافی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی نزمدایە و ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە و هەر لە سەرەتای مانگی شوباتی 2014 و پاش بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق، ئەمە ئاستەنگێكی بۆ رەوشی مافی مرۆڤ درووستكردەوە و جگە لەوەش دوای هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش و ئەم دۆخە نەخوازراوەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، ئەمەش بووە هۆكارێك بۆ دابەزینی ئاستی مافەكانی مرۆڤ".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە چۆنیەتی دۆخی شەڵتەر و شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ گوتی: "بە بەردەوامی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ چاودێری شەڵتەر و بەندیخانەكان دەكات و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان بەردەوام چاودێری چاكسازی رەوشی منداڵ و ئافرەتان دەكەین و تیمێكی تایبەتمان هەیە و تەنانەت لەناو دیوانی دەستەش بەشێكی تایبەتمان هەیە بە تایبەت بۆ چاودێریكردنی رەوشی ئافرەت و منداڵ".
جێگەی ئاماژەیە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، ئەركی چاودێریكردن و بەدواداچوونی رەوشی مافی مرۆڤە و لە هەمانكاتدا بەردەوام لە رێگای چالاكییەكانی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی پێشێڵكارییەكانی مافی مرۆڤ دەدات.