hemn husain
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2016
چالاكییەكە لە پێش بەشە ناوخۆیی شەوكەت شێخ یەزدین دەستی پێ كرد و لە پێش سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین كۆتایی پێهات و بەشداربووان مەودای پێنج كیلۆمەتریان بڕی.
براوەی یەكەمی ماراسۆنەكە قوتابی بەشی ئەندازیاری رێكەوت قادر بوو.
رێكەوت قادر لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە دووەمجارە بەشداری لە چالاكی راكردنی بە كۆمەڵ دەكەم، بەڵام جاری یەكەم نەمتوانی پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، خۆشبەختانە ئەمجارەیان توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم". لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئەو چالاكییەدا سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین دكتۆر ئەحمەد دزەیی گوتارێکی پێشکەش کرد گوتی: "زۆر خۆشحاڵین كە ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان بەشدار بوون و توانیمان چالاكییەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەین".
دكتۆر ئەحمەد دزەیی، پیرۆزبایی لە تەواوی بەشداربووان كرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر و پۆلیسی هاتوچۆ و لایەنەكانی پەیوەندیداری كرد و خەڵاتی تایبەتی زانكۆی سەڵاحەدینی بەخشییە لایەنەكانی پەیوەندیدار. هەر لەم چالاكییەدا بەشداربووان جلی رەنگاوڕەنگیان پۆشیبوو وەك ئاماژەیەك بۆ كۆلێژەكانی سەربە زانكۆی سەڵاحەددین.
جێگەی ئاماژەیە جگە لە قوتابییانی زانكۆی سەڵاحەددین، دوو قوتابی لە زانكۆی سۆرانەوە بەشداریان لە ماراسۆنەكەدا كرد و پلەی یەكەمیان بەدەست هێنا بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم چالاكییە تایبەت بوو بە زانكۆی سەڵاحەددین بۆیە ئەم سەركەوتنەیان بۆ هەژمار نەكرا و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین بەڵینی خەڵاتی تایبەتی بەم دوو بەشداربووەی زانكۆی سۆران دا.
هاوكات قوتابییەكی كوردی دانیشتووی ئەڵمانیا بۆ بەشداریكردن لەم ماراسۆنەدا گەڕابووەوە هەرێمی كوردستان و لەم چالاكییە بەشداربوو.
ئەمە جاری یەكەمە كە سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەددین بە هاوكاری كەرتی تایبەت ماراسۆنێكی لەم شێوەیە ئەنجام دەدات و بڕیاریشە رۆژی شەممە 5ی ئادار خەڵاتی تایبەت بەسەر 20 لە یەكەمەكانی ماراسۆنەکەدا دابەش بكرێت.
شایانی باسە 700 كەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ماراسۆنەکەدا تۆماركردبوو.