Dilşad Seyfeddin Ahmet
03 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2016
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی، لە میانی بەشداری كردنی لە رێوڕەسمێكی تایبەت بە كردنەوەی پڕۆژەیەكی رێگاوبان لە شاری سلێمانی گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە دۆخی سیاسیی و دارایی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی كرد.
قوباد تاڵەبانی گوتی: "باش لە موعاناتی گەلەكەمان تێدەگەین و گوێبیستی نیگەرانی خەڵكی كوردستان بووین و دەزانین ئەو قەیرانە سەختە داراییە كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەبووە لەسەر بەشێكی زۆری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت كەسانی هەژار و كەم دەرامەت، ئێمە هەست بە ژانی گەلەكەمان دەكەین و بەو هۆیەوە شەو و رۆژ دەخەینە سەر یەك تاوەكو دڵی هاووڵاتییانمان خۆش بكەینەوە".
تاڵەبانی هەروەها گوتی: "خەڵكی كوردستان ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ قەیرانی سەختی دارایی و بارگرانییەكانی هاتنی داعش بەرەنگاری دەكەن، بەڵام ئایندەمان تاریك نییە و دڵنیاین لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە كاتییە، هاووڵاتییانی كوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا ئیرادە و هوشیارییەكی گەورەیان نیشان دا لە مامەڵەكردن بەرامبەربە دۆخی سەختی ژیان لەم هەرێمەدا".
ئەوەشی گوت: "لە بەرپرسیارێتی راناكەین و دان بە هەموو هەڵە و كەموكوڕییەكاندا دەنێین كە لەئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چ لەو ئیدارە و سیستمە نەگونجاوەی كە هەمانە چ لەو راستییەی كە تا ئەمڕۆ نەمانتوانیوە سەرچاوەی داهاتێكی دیكە بەدەست بخەین جگە لە نەوت، لەهەمانكاتدا هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە دەستەوەستان نەوەستاوین و ناوەستین و بەردەوامین بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و هیوای زۆرمان هەیە کە لە داهاتوودا بەرهەمی كار و هەوڵی ئێمە ببینن".
قوباد تاڵەبانی لە درێژەدا گوتی: "زۆرینەی كێشەكان خەتای ئەم كابینەیە نییە، بەڵام بێویژدانییە زەمی كابینەكانی پێشتر بكەین و بە دوو سێ گوتەی نابەرپرسانە هەوڵ بدەین خۆمان لای خەڵك جوان بكەین و كوردستان وێران بكەین، ئەمڕۆ پێویستمان بەبڕیاری بوێر و بەرپرسانەیە هەرچەندە رەنگە بەشێك لەو بڕیارانە تاڵ بن و بەدڵی بەشێك لە هاووڵاتییان نەبێت".
ئەو هەروەها خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە لەوەی کە بەرنامەیان بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە تەنها بریتی نییە لە پاشەكەوت و پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەی مووچەخۆران، بەڵكو لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییە نادروستەكان، لەگەڵ كەموكوڕییەكانیشدا دەرفەتێكی زێڕینیان بۆ رەخساوە بۆ چارەسەركردنیان.
قوباد تاڵەبانی لە بارەی دۆسیەی نەوتەوە دوا و گوتی: "گومانێكی زۆر هەیە لەسەر نەوت و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بەداخەوە هەر ژمارەیەك یان ئامارێك كە حكوومەت خۆی رایبگەیەنێت لەسەر پرۆسەی نەوت جێگەی گومان دەبێت لەلایەن هەندێك خەڵكەوە، بۆ رەواندنەوەی ئەو گومانانە هەندێك هەنگاوی دیكەمان ناوە بۆ شەفافتركردنی كەرتی نەوت بەگشتی، جیا لە پێكهێنانی هەندێك تیمی پسپۆڕی خۆماڵی بۆ پێداچوونەوەی تەواوی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و كۆكردنەوەی داهات. داوامان لە وڵاتانی هاوپەیمانیشمان كردووە كە هاوكاریمان بكەن لە وردبینی كردنی تەواوی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و بابەتی پەیوەندیداری تایبەت بەو بوارە".
قوباد تاڵەبانی هەروەها رایگەیاند، كە رۆژەكانی پارەی زۆر و دەرفەت بۆ تەخشان و پەخشانكردنی سامانی گشتی كۆتایی هاتووە و هەنگاویان ناوە بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بەو هەنگاوەش دیاردەی دوو مووچەیی ناهێڵن، هەروەها دەستیان بە جێگیركردنی میلاكی وەزارەتەكان و دانانی هەیكەلییەتێكی دامەزراوەیی گونجاو بۆ گشت وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەت كردووە، بەوەش دیاردەی بندیواری ناهێڵن.
جێگری سەرۆكی حكوومەت لە كۆتایی گوتارەكەیدا جەخت كردەوە لەوەی كە پێویستە هەموو لایەك بەشدار بن لەو دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان تێی كەوتووە، دڵنیایی خۆشی نیشان دا لە چارەسەركردنی ئەو دۆخە لە وادەیەكی نزیكدا.