Azat Muhammet
17 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
دهۆک - AA
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بۆردى کاروبارى مرۆیی لە پارێزگاى دهۆک، سالم سەعید تاهیر رایگەیاند "لە کۆى ٢٧ کەمپى ئاوارە و پەنابەران لە سنوورى پارێزگاى دهۆک ١٩ کەمپ کوردى ئێزدى تێیدا نیشتەجێکراون کە بە هۆى پەلامارى داعشەوە بۆ سەر ناوچەکانیان روویان لە پارێزگاکە کرد".
- "لە قەزاى شێخان ٩ کەمپ و لە زوممار ١ کەمپى ئاوارەکان هەیە"
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بۆردى کاروبارى مرۆیی لە پارێزگاى دهۆک، سالم سەعید تاهیر بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئیدارەى پارێزگاى دهۆک لە رێگەى بۆردى کاروبارى مرۆیی سەرپەرشتى ٢٧ کەمپى ئاوارە و پەناران دەکات لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، ٥ لەو کەمپانە لە کاتى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە سنوورى شێخان چوار کەمپ دروستکرا کە پێکدێن لە کەمپەکانى، قایمماوە، نێرگزلى یەک و نێرگزلى دوو، کە هەر کەمپێک لەوانە زیاتر لە هەزار خێزانى تیادا نیشتەجێن، کەمپى زێلکان هەر لە سنوورى قەزاى شێخانە هیچ ئاوارەیەکی تیادا نیشتەجێ نەکراوە. لە هەمان کاتیشدا کەمپێکى دیکەى بە ناوى عەمەلە بۆ ئاوارەکانى مووسڵ لە سنوورى زوممار دروستکراوە، بە هەمان شێوە هیچ ئاوارەیەکی تیادا نیشتەجێ نەکراوە، بەڵام پێشبینى دەکرێت، ژمارەیەک زۆر ئاوارەى تەلەعفەرى تێدا نیشتەجێ بکرێت".
گوتیشى: "جیاواز لە کەمپى ئاوارەکانى مووسڵ، سێ کەمپى دیکە لە قەزاى شێخان هەن کە بە ناوەکانى کەمپى ئێسیان، گەرماڤا، مامڕەشان و شێخان، تایبەتن بە ئاوارەکانى کوردى ئێزدى، بەشى هەرە زۆریان خەڵکى باشیک و بەحزان و شارۆچکەى شنگالن".
- "لە قەزاى زاخۆ ٤ کەمپى ئاوارەکان هەیە"
سەبارەت بە سنوورى قەزاى زاخۆى سەربە پارێزگاى دهۆک دەڵێت "لە سنوورى قەزاى زاخۆ ٤ کەمپ بۆ ئاوارەکانى شنگال و دەورووبەرى بە ناوەکانى بێرسڤێ یەک، بێرسڤێ دوو، کەمپى دەرکارێ و کەمپى چەمشکۆ کراوەتەوە، کوردانى ئێزدى تیادا نیشتەجێ بوون".
- "لە قەزاى سێمێل ٦ کەمپ و لە قەزاى ئامێدى یەک کەمپى ئاوارەکان هەیە"
سالم سەعید تیشکى خستەسەر کەمپەکانى سنوورى قەزاکانى سێمێڵ و ئامێدى سەربە پارێزگاى دهۆک و گوتى: "لە سنوورى قەزاى سێمێل ٦ کەمپى ئاوارەکان هەن بە ناوەکانى روانگە، کەبەرتۆ یەک، کەبەرتۆ دوو، باجتکەندالى یەک، باجتکەندالى دوو و کەمپى خانکێ، هەروەها لە سنوورى قەزاى ئامێدى کەمپى داودییە هەیە، ٨٠ لە سەدى ئاوارەکانى ئەم کەمپانە کوردى ئێزدیین و ١٠ لەسەدى ئاوارەکانى دیکە کوردى موسوڵمان و عەرەبى موسوڵمانن، زۆرینەشیان لە سنوورى شنگالەوە ئاوارە بوون".
- "لە قەزاى ئاکرێ و بەردەڕەش ٢ کەمپ درستکراوە"
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بۆردى کاروبارى مرۆیی لە پارێزگاى دهۆک دەڵێت "کەمپى ماملیان لە قەزاى ئاکرێ و کەمپى بەردەڕەش لە قەزاى بەردەڕەش بۆ ئاوارەکانى سنوورى شارەدێى باشیک و بەحزان دروستکراوە زۆرینەیان کوردانى شەبەکن، هەرە لە سەرەتاى پەلامارى داعشەوە ئاوارەى ئەو کەمپانە بوون، تا ئێستاش بەشێکى زۆریان نەگەڕاونەتەوە زێدى خۆیان".
- "٤ کەمپى پەنابەرانى سوورى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک هەیە"
سالم سەعید ئاماژەى بە کەمپى پەنابەراندا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و گوتى: "لە سنوورى پارێزگاى دهۆک ٤ کەمپ بۆ پەنابەرى کوردانى سووریا کراوەتەوە، دوو لەو کەمپانە بەناوەکانى دۆمیز یەک و دۆمیز دوو دەکەوێتە سنوورى قەزاى سێمێل و کەمپى قەلاى ئاکرێ دەکەوێتە سنوورى قەزاى ئاکرێ و کەمپى گەویلان دەکەوێتە سنوورى قەزاى بەردەڕەش، کۆى گشتى ژمارەى پەنابەرانى سوورى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک زیاتر لە ٩ هەزار و ٣٥١ خێزان لە کەمپەکان نیشتەجێکراون و کە دەکاتە لە ٤٣ هەزار ٧٩٩ کەس دەبن، لە هەمان کاتیشدا ٦ هەزار ٧٣٠ پەنابەر لە دەرەوەى کەمپەکانن لە سنوورى پارێزگاى دهۆک".
دەشڵێت "هەموو ئاوارە و پەنابەران سنوورى پارێزگاى دهۆک لەلایەن ئیدارەى پارێزگاى دهۆک، بۆردى کاروبارى مرۆیی و نەتەوەیەکگرتووەکان و زیاتر لە ١٥٠ رێکخراوى مرۆیی سەرپەرشتى دەکرێن، بە پێى دوایین ئامارى بۆردى کاروبارى مرۆیی تا ئێستا ٧٤٠ هەزار ئاوارە ناویان تۆمار کراوە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، کوردانى ئێزدى ٨٠ لە سەدى کۆى گشتى ئاوارەکانى سنوورەکە پێک دەهێنن".