ھەولێر
ھەر کەسێک کامێرایەکی بەدەستەوە بێت و برواتە نێو کەمپی کوردانی رۆژئاوا منداڵانی نێو کەمپ لەدوورەوە دوو پەنجەیان بەرز دەکەنەوە وەک ئاماژەدانێک بۆ سەرکەوتنیان و دەڵێن "تەسویرەکی مە بگرە"، تەنانەت ھەندێ لەو منداڵانە ئەگەر وێنەیان نەگیرێ دەست بە گریان دەکەن و دەڵێن "ئەز ژی دخوازم تەسویرەکی من بکشینێ".
زۆرێک لەو منداڵانە بەھۆی ماندووبوونی رێگا و ترسی شەر و دەنگی تەقە و تۆپ و تەیارە لەبارودۆخێکی تەندروستی و دەروونی خراپدا دەژین، سەرەرای نەبوونی خۆراکی پێویست و خراپیی شوێنی حەوانەوەیان، پزیشکانیش جەخت لەخراپی تەندروستی منداڵانی نێو کەمپ دەکەنەوە و رایدەگەیەنن "رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ منداڵ سەردانی ھەر بنکەیەکی تەندروستی نێو کەمپەکان دەکەن".
رەوشی تەندروستی
سەرەرای خراپیی رەوشی تەندروستیی ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە، بەرپرسانی بنکە تەندروستییەکان گلەیی ئەوە دەکەن کەل وپەل و پێداویستی پزیشکی وەکو پێویست نییە.
فارس ئەحمەد بەرپرسی کارگێڕی بنکەی تەندروستی سەربەستی بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند "نەبوونی ئاو و خۆراکی پێویست و گۆڕانی ئاوو ھەوا ھۆکاری سەرەکی نەخۆشکەوتنی ئەو رێژە زۆرەی منداڵانە، لەگەڵ ئەوەش داوو دەرمانمان زۆر کەمەو شوێنەکەشمان بچوکە، بۆیە ناتوانین وەکو پێویست خزمەتی نەخۆشەکان بکەین".
بەرپرسانی کەمپی کەورگۆسکیش رایدەگەیەنن بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیان زیاتر لەپێنج ھەزار منداڵ لەنێو ئەم کەمپە نەخۆشن و باری تەندروستیان زۆر ناجێگیرە.
دایکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن ھۆکاری سەرەکی نەخۆشکەوتنی منداڵەکانیان نەبوونی ساردکەرەوە و جیاوازی پلەی گەرمایە لەشەوو رۆژدا.
سەحەر کە دایکی دوومنداڵی نەخۆشە و لەبنکەی تەندروستی وەستاوەو چاوەرێی ئەوە دەکات کە پزیشکەکان چارەسەری منداڵەکانی بکەن دەڵێت "رۆژ زۆر گەرمە و ساردکەرەوەمان نییە، شەوانیش زۆر ساردە و جل و بەرگی پێویست نییە بۆ منداڵەکانم، ئەمە وای کردووە ھەمیشە لەرێگەی نەخۆشخانە بم".
بەپێی ئامارێکی بنکەی تەندروستی سەربەستی لەماوەی دوو ھەفتەدا پێنج حالەتی سوتانی منداڵان لەنێو کەمپی کاوە تۆمارکراوە.
رەوشی خوێندن
دوای دەستپێکردنی خوێندن بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک، لە ھەندێک لە کەمپەکان تا ئێستا خوێندن دەستی پێنەکردووە، تەنھا لەچەند کەمپێک نەبێ، ئەویش زیاتر لەسەد منداڵ لەنێو یەک چادر بەیەکەوە وانە دەخوێنن بێئەوەی پرۆگرامێکی دیاریکراو ھەبێ، چونکە بەوتەی بەرپرسانی بواری پەروەردەو فێرکردن زمان کێشەی سەرەکییە، بۆیە نازانن لەنێوان پرۆگرامی خوێندنی سوری و عێراقی کامیان بۆ قوتابیەکان ھەڵبژێرین ؟.
لەبەرئەوەی ھێشتا پرۆگرامێک نییە بۆ قوتابییەکان لەقوتابخانەکان زیاتر بابەتی تەرفیھی دەوترێتەوە، بۆیە منداڵان لەناو پۆلدا تەنھا خەریکی وێنەکردنن، ھەندێک لەو مندالانە لەرێگەی وێنەکانیانەوە دەیانەوێ رەوشی سوریامان نیشان بدەن کە بریتییە لە کوشتنی خەلک، ھەندێکیشیان بەوێنە حەزی گەرانەوەیان بۆ وڵات دەردەبرن.
کاردۆی تەمەن ٧ ساڵ لەنێو قوتابخانەی کەمپی باسرمە خەریکی کێشانی وێنەیە کەلەنێو فرۆکەیەکدایە و لەئاسمانی کوردستانەوە بەرەو سوریا دەگەرێتەوە، کاردو بەدەست ئاماژەی بۆ وێنەکە دەکرد و دەیگوت "سەیری من بکە، ئاوا دەرۆمەوە مالی خۆمان لە سوریا".
ھەندێکیش لەو منداڵانە ھەمیشە خەریکی یاریکردنن لەگەڵ مناڵە ھاوسێکانیان و ھاورێی تازەیان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، بێئەوەی ھیچ یارییەکی مناڵانەیان ھەبێ، بەڵکو بە خۆڵ و خاشاک یا بەو کەلوپەلە ئاسنینانەی کەلەنێو کەمپدا شکاو و بێ سوودن کاتەکانیان بەسەردەبەن، زۆر لەو منداڵانەش خەریکن خۆیان بەکاروباری گەورەکان سەرقاڵ دەکەن.
منداڵی دابرا:
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی منداڵ پارێزی کوردستان لەنێو چوار کەمپی سنوری پارێزگای ھەولێر ١٢١ منداڵی دابراو ھەیە، کە زۆرترینیان بە تەنھا دەژین.
فەرھاد عوسمان بەرێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان گوتی "لەنێو ئاوارە کوردەکانی رۆژئاوا چەندین منداڵ ھەن کە لەخێزانەکانیان دابراون و ھەندێکیان دایک و باوکیان نەماوە و لەلایەن کەسانیترەوە بەخێو دەکرێن و ھەندێکیشیان بەتەنیا لەگەڵ چەند منداڵێکیتر بەیەکەوە لە نێو یەک چادر دەژین".