"لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، ٢٥٠ ھەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان"
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆ، ھۆشەنگ محەمەد: "حکوومەتی ھەرێم حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەکان خەرج کردووە و لەبەرامبەردا، حکوومەتی عێراق تەنها ١٨٠ ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە".
Arbil
ههولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، ٢٥٠ ھەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان و راشدەگەیەنن لەسەدا ٦٠ی ئاوارەکان، دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ن.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ھۆشەنگ محەمەد لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە نزیكهی یهك ملیۆن ئاواره و پهنابهر له ههرێمی كوردستان ههیه كه کۆی گشتی خەرجی ئاوارەکان لە حەفت ساڵی رابردوودا لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتیی بووە لە؛ حەفت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.
- پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، ھۆشەنگ محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی زۆر لەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکانیان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە کەمپەکان و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا نزیکەی ٦٠٠ هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان لە هەموو پێکهاتەکان، بەڵام تا ئێستاش میوانداری نزیکەی ٧٣٨ هەزار ئاوارە دەکەین کە نزیکەی ١٥٢ هەزار خێزانن، لەو ژمارەیەش سەدا ٢٠ی لە کەمپەکان نیشتەجێن و سەدا ٨٠ی لەناو شار و شارۆچکەکان دەژین، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئیدارەیەکی بەهێز بەتایبەت لە دەرەوەی شارە گەورەکانی وەکو مووسڵ، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار، هەروەها نەبوونی ئەمن و ئاسایش و نەبوونی پاڵپشتییەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان لەدوای گەڕانەوەیان، ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ژمارەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە تایبەت بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا".
هۆشەنگ محەمەد دەشڵێت "مانگی رابردوو، نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کەس گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، هەندێکجاریش دوای ئەوەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش، ئەوا جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و مانگی رابردوو، ١٨٤ خێزان کە ژمارەیان ٩٠٠ کەس بوو دووبارە گەڕانەوە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان".
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ لهبارهی كاتێكی دیاریكراویش بۆ گهڕانهوهی ئاوارهكان گوتی: ''تا ئێستا بۆ دهستنیشانكردنی کاتێکی دیاریکراو، قسەی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئێمە ئامادەکاری خۆمان دەکەین و کەی هەنگاوەکانی دیکە جێبەجێ کران ئێمە ئامادەین، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پاڵپشتی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات ئەوانەی بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و هیچ كهس به زۆرهملێ نانێردرێتهوه شوێنی خۆی''.
هۆشهنگ محهمهد گوتیشی: ''پێشتر یەک ملیۆن و ٦٥٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر هەبوو لە هەرێمی کوردستان، ٦٨ کەمپ هەبوون، ئێستا ٣٧ کەمپ لە هەرێمی کوردستان ماون، لەو ژمارەیەش ١١ کەمپ پەنابەران لێی نیشتەجێن و ئەوانی دیکەش ئاوارەی ناوخۆی تێدایە''.
- رۆڵی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان
چەند رۆژێک پێش ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رێککەوتننامەیەکیان لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژوو کرد بۆ ئەوەی ئاوارەکانی شنگال بگەڕینەوە ناوچەکانیان و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، ھۆشەنگ محەمەد گوتی: "ئێمە کاردەکەین لەژێر سەرپەرشتی و رێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان تایبەت بە رێککەوتننامەی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و دووبارە دامەزراندنی ئیدارەیەک بۆ شنگال و لەم چوارچێوەیەشدا کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەگەر رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوا میکانزمێک دابنێین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا و ئاسانکاری بکەین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس دەبێت".
هۆشەنگ محەمەد گوتیشی: "بەردەوامین لە ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام کێشەی گەورە هەیە لەبەردەم پڕۆسەکەدا و هیوادارین دوای رێکەوتننامەی شنگال، رێککەوتن لەسەر ناوچەکانی دیکەش بکرێت، چونکە سەدا ٦٠ی ئاوارەکان دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ن".
- رێككهوتننامهی شنگال
رۆژی نۆی تشرینی یهكهم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم رێککەوتننامەكه بە سێ قۆناغدا دەڕوات و لەمبارەیەوە گوتی: "له رێككهوتننامەی شنگالدا، له قۆناغی یەکەم پێویستە رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت وەکو ئاساییکردنەوە دۆخی ئەمنیی شنگال و دانانی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بۆ دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان و قۆناغی دووەم بریتیی دەبێت لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسهر ماڵ و حاڵی خۆیان و قۆناغی سێیەم دووبارە بووژاندنەوە و دروستکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچهكەیە".
گوتیشی: "لەئێستادا کار دەکەین بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەوەی ئەگەر رێککەوتننامەکە جێبەجێکرا بتوانین میکانزمەکەی خۆمان جێبەجێ بکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئاژانسەکانی یوئێن و پارێزگاکان و بەشێوەیەکی خێرا کارەکە ئەنجام بدەین''.
- هاوكاری وڵاتانی بیانی بۆ ئاواره و پهنابهران
دوای تێكچوونی دۆخی سووریا له ساڵی ٢٠١١ و دواتریش هاتنی تیرۆریستانی داعش له ساڵی ٢٠١٤ بۆ بهشێك له ناوچهكانی عێراق و ئاوارهبوونی دەیان ههزار هاووڵاتی بۆ ههرێمی كوردستان، ژمارهیهك له وڵاتانی بیانی كۆمهك و هاوكارییان پێشكهش به ئاوارهكان كرد و بهشێوهیهكی بهردهوام چاودێری رهوشی ئاواره و پهنابهرانیان دهكرد، بهڵام به گوتهی بهڕێوهبهری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، دوای تێكشانی تیرۆریستانی داعش، وڵاتانی بیانی هاوكارییهكانیان كهمكردووهتهوه و گوتی: ''لەدوای سەرکەوتن بهسهر تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٧دا، وڵاتانی بیانی هاوکارییەکانیان کەمکردەوە و ئێستاش دەتوانین بڵێن سەدا ٥٠ی ئەو هاوکارییە مرۆییەی وڵاتانی بیانی لە رێگای رێکخراوەکانی یوئێن پێشکەشیان دەکرد کەم بووەتەوە، ئەوانیش پاڵپشتی لە رێککەوتننامەکە دەکەن و پاڵپشتی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بارگرانییەی لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمە ئەوا نامینێت و دەتوانین لە شوێنی خۆیان هاوکارییان بکەین كه ساڵانە نزیکە ٩٣٣ ملیۆن دۆلارمان پێویستە بۆ خهرجی ئاوارهكان، ئەوکات ئەو بارگرانییە لەسەر شانی هەرێمی کوردستان نامینێت''.
- پڕۆسهی هەڵبژاردن
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ھۆشەنگ محەمەد سەبارەت به بهشداریكردنی ئاوارهكان له ههڵبژاردنەکان گوتی: ''کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان له عێراق بڕیار دەدات، پێشتریش ئهزموونمان هەیە کە ئاوارەکان بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە و ئاسانکاری تەواومان کرد بۆ کۆمیسیۆن و ئەوانیش تیمی گەڕۆکیان نارد بۆ پێدانەوەی کارتەکان و دواتریش بنکەی دەنگدان کرایەوە و ئاوارەکان بە ئازادانە توانیان بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین هاوکاری تەواو بکەین، چونکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئێمە دەزانین ئەو ژمارە ئاوارانەی لێرەن خەڵکی کام ناوچەن بۆیە هیچ گرفتێک نییە لە دەنگدانیان و ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە دەتوانن لە کەمپەکان دەنگ بدەن و زانیارییەکانمان داوەتە کۆمیسیۆنی باڵای عێراق''.
- دۆخی تهندروستی ئاواره و پهنابهرانی كهمپهكان
لهگهڵ سهرههڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ رێگهگرتن له بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسهكه، وهزارهتی تهندروستیی ههرێمی كوردستان ژمارەیەک رێنمایی دهركرد و قهدهغهی هاتوچۆی راگهیاند و لهم چوارچێوهیهشدا دهرگای كهمپهكان بەڕووی هاتوچۆکردنی ئاواره و پهنابهراندا داخرا و له كۆی ئهو ژماره زۆرهی ئاواره و پهنابهران تهنها ٣٠ كهس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لهمبارهیهوه، هۆشهنگ محهمهد گوتی: ''پێش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی رێکاری پێویست گیرانەبەر و خۆشبەختانە هەموو دانیشتوانی کەمپەکان سەلامەتن و ئەوانەیشی كه تووشبوون لە دەرەوەی کەمپەکان تووش بوون و لە کۆی ٦٦ هەزار خێزانی نیشتەجێبوونی ناو کەمپەکان تەنها ٣٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لهگهڵ ئهوهشدا ههر زوو دەستمان کرد بە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەیان و دابەشکردنی کەلوپەلی خۆپارێزی و رێکارەکان دەرەنجامی باشی هەبوو''.
- پلانی وەرزی زستانە
به مهبهستی ئامادهكاری بۆ رووبهڕووبوونهوهی وهرزی سهرما و بارانبارین، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''پێشتر پلانێکمان دانابوو بۆ ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان بهتایبهت بۆ گۆڕینی خیوەت، کابینەکان، دابینکردنی کەلوپەلی گەرمکردنەوە، سووتەمەنی و جلوبەرگی زستانە و لەماوەیەکی نزیکدا ئەوانەی زهرووره بۆیان دابینی دهكهین''.
- رۆڵی حکوومەتی عێراق
ههرچهنده له رووی دهستوورییهوه، خهرجی ئاواره و پهنابهران دهكهوێته سهر ئهستۆی حكوومهتی فیدرال، بهڵام بهگوتهی هۆشهنگ محهمهد له ماوهی حهفت ساڵی رابردوودا، حكوومهتی عێراق تهنها سهدا یهكی كۆی گشتی خهرجییهكانی حكوومهتی ههرێمی بۆ ئاوارهكان ناردووه و لهمبارهیهوه گوتی: ''دیراسەیەکی زانستیمان کرد بەپێی ستانداردی بانکی نێودەوڵەتی کە خەرجی ئاوارەکان کاریگەری دارایی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بووە و لە ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠، بڕی حەفت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە لە بەرامبەردا، حکوومەتی عێراق کە بەرپرسیارە تەنها ١٨٤ ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ ئاوارەکان واتا ١٨٠ ملیۆن دۆلار و ئەگەر بەراوردی بکەیت واتا سەدا یەکی ئهو بڕهیه كه حكوومهتی ههرێم هاوکاری کردووە''.
هۆشهنگ محهمهد گوتیشی: ''بەم نزیکانە کۆبوونەوەیهك هەبوو لەنێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، باسی دۆخی ئاوارەکان کرا و دابینکردنی چەند پێداویستییەک خرایە بەردەم شاندی عێراقی و ئەوان وەڵامیان دایەوە کە هیچ بڕە پارەیەکیان لەبەردەستدا نییە و بڕیاریان لەسەر هیچ شتێک نەدا، تەنها ئەوەی بڕیاریان لێی داوە دابینکردنی نەوتی سپییە بۆ دانیشتوانی کەمپەکان و ئەم بڕیارەش پێشتر درابوو''.
- پهنابهرانی سووریا
پهنابهرانی سووریا كه ژمارهیان ٢٣٩ ههزار و ٧٤٠ كهسه و دوای تێكچوونی دۆخی سووریا روویان له ههرێمی كوردستان كردووه و تا ئێستا بهشێكی زۆریان نهگهڕاونهتهوه و لهبارهی هۆكاری نهگهڕانهوهشیان، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگیی قەیرانەکان سەربە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''بههۆی دۆخی سیاسیی و شهڕ و ململانێكان له سووریا، ژمارهیهكی زۆر هاووڵاتی سووریا ئاوارهی عێراق و ههرێمی كوردستان بوون، هۆکاری نهگهڕانهوهیشیان ئهوهیه كه بارودۆخی سووریا سەقامگیر نییە و ئایندەی سووریا روون نییە، کێشە ئەمنییەکان و بارودۆخی ئابووری و زۆربەشیان کێشەی یاساییان هەیە کە زۆربەی گەنجەکان سەربازییان نەکردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە''.
هەرێمی کوردستان ٩٦٦ هەزار و ٨٦١ ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتووە و لەو ژمارەیەش ٧٣٧ هەزار و ٣٦٥ ئاوارەی ناوخۆن، ٢٣٩ هەزار و، ٧٤٠ پەنابەری سووریا، ، ١٠ هەزار و ٦٦١ پەنابەری ئێرانی و ٧٠٥ پەنابەری فەڵەستینی.
بەپێی راپۆڕتی بارودۆخی مرۆیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە لە شەشی ئەیلوولی ٢٠٢٠ بڵاویکردووەتەوە لە کۆی ٢٣٧ ھەزار و ٧٤٠ پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان، دابەشبوون بەسەر ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆک و سلێمانی بە جۆرێک لە ھەولێر ١٢٣ ھەزار و ١٨٨ کەس و لە سلیمانی ٣١ ھەزار و ١٥٩ کەس و لە دھۆک ٨٥ ھەزار و ٣٩٣ کەس نیشتەجێن.
ھەروەھا ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بریتییە لە ٧٣٧ ھەزار و ٣٦٥ کەس کە دابەش بوون بەسەر ھەر سی پارێزگای ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە ھەولێر ٣٥٤ ھەزار و ٨٩٦ کەس، سلێمانی ١٧٢ ھەزار و ١٢٢ کەس و دھۆک ٢١٠ ھەزار و ٣٥٨ کەس نیشتەجێن.
بەپێی راپۆڕتەکەی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ پێکھاتەی ئاوارەکان بریتیین لە سەدا ٤٠ی عەرەبی سوننە، سەدا ٣٠ ئێزدی، سەدا ١٣ کورد، سەدا حەفت مەسیحی و سەدا ١٠ تورکمان و ئەرمەن و پێکھاتەی دیکە.
لە ھەرێمی کوردستان ٣٧ کەمپی ئاوارە و پەنابەران ھەیە، بە جۆرێک حەفت کەمپ لە ھەولێر، ١٦ لە دھۆک و پێنج لە سلێمانی، ھەروەھا چوار کەمپی پەنابەران لە ھەولێر، چوار لە دھۆک و یەک لە سلێمانی هەیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن