Azat Muhammet
17 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2017
دهۆک - AA
بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەرگرى شارستانى دهۆک، راید بێوار عەبدولعەزیز رایگەیاند "تیمەکانى بەرگرى شارستانى سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ئاگرەن کە لە پێشانگاکەى شارى دهۆک بەربووە".
بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەرگرى شارستانى دهۆک، راید بێوار عەبدولعەزیز بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "تا ئێستا نازانین زیانە ماددى و گیانییەکانى ئاگرەکە چین. لە گەرمەى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەین و هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە لە کاتێکى کەمدا ئاگرە کۆنتڕۆڵ بکەین، ئینجا دەست بە لێکۆلینەوە لە رووداوەکە بکەین".
بە گوێرەى زانیارى شایەتحاڵەکان رووداوەکە ئاگرێکى کەم لە پشت باڵەخانەى پێشانگاکە هەبووە و دواتر پەلى هاوێشتووە بۆ ناو پێشانگاکە و بە هۆیەوە ئاگرێکى گەورە کەوتووە.
بە پێى زانیارییەکانى پەیامنێرى ئاژانسى ئانادۆڵو پێشانگاکە چەند کارگە و دووکانێک لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە دووکانى موبیلیات و هەروەها دروستکردنى قەنەفە و مێز و چەندین کەلوپەلى نێو ماڵ.
تیمەکانى فریاکەوتنى تەندروستى لە ناوچەکە ئامادەییان هەیە، بۆ ئەوەى لە حاڵەتى هەبوونى بریندار یان زیانى گیانى هەستن بە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە.