ژيان, عێراق

بەخێوکەری "لیۆ" پلانی ھەیە ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بکات بە بەخێوکردنی شێر

بەخێوکەری شێرەکان بلند بریفکانی: "پلانم ھەیە بۆ پرۆژیەکی زۆر گەورە بۆ "لیۆ" و ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بە بەخێوکردنی شێر تەرخان دەکەم و ئەوە بۆ لیۆ'ش زۆر باش دەبێت کە دەبێتە سۆڵتانی دارستانەکە".

Abdulhameed Husseın Karam  | 20.09.2023 - نوێکردنەوە : 24.09.2023
بەخێوکەری "لیۆ" پلانی ھەیە ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بکات بە بەخێوکردنی شێر

Dahuk

دھۆک - AA

"لیۆ" یەکەمین شێری ڕاھێنراوە لە عێراق کە تەمەنی پێنج ساڵی تێپەڕاندووە و لە دوو شێری مێی دیکە خاوەنی سێ بەچکە شێرە.

بڵند بریفکانی کە بەخێوکەری "لیۆ"یە، پێنچ ساڵ و نێو لەمەوبەر شێرێکی تەمەن بیست ڕۆژی بە دیاری لە ھەولێرەوە بۆی دێت، ئەمیش ناوی لێدەنێت "لیۆ"، سەرەتا بە پێدانی شیر و دواتریش بە گۆشتی مریشک بەخێوی کردووە و ئێستا بەردەوامە لەسەری.

"لیۆ" شێرێکی ماڵییە و مرۆڤ دۆستە و تەنیا چەند کاتێکی تایبەت نەبێت ئەویش لە کاتی جووتبوون و نانخواردن کەس ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوە. ئەو ماوەی پێنچ ساڵ و شەش مانگە بەبێ ئازاردانی ھیچ کەسێک لەگەڵ دانیشووانی دھۆک دەژیت و ڕۆژانە لە دوو گۆڕەپانی گەورە کە لە دەوروبەری دھۆک بۆی دروستکراوە پیاسەی پێدەکەن و خەڵکی ناوچەکە و تەنانەت ھەندێکجار گەشتیارانیش ئەگەر بە شوێنی بزانن بۆ گرتنی وێنە سەردانی "لیۆ" دەکەن و لەو باخچەیەی کە بۆی تەرخانکراوە، یاری لەگەڵ دەکەن یا خواردنی دەدەنێ.

بەخێوکەری "لیۆ" ئەرک و ماندووبوونی زۆری کێشاوە تا کەوی (ماڵی) کردووە ئەویش بە پێدانی گوشتی مریشک کە لە ئێستادا ڕۆژانە دوو تا سێ مریشکی دەدەنێ.

- لیۆ بۆنی مرڤ دەزانێت و لەگەڵمان دەژی

بەخێوکەری "لیۆ"، بڵند بریفکانی لە ناو ئەو باخچەیەی کە بۆ شێرەکانی تەرخانکراوە لە پشتی "لیۆ" ڕاوەستا و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەى کرد و گوتی: "خۆشەویستی من نەک تەنیا بە شێر بەڵکو بۆ ھەموو ئاژەڵەکان ھەیە بەتایبەتی بە شێر زیاترە. من لە منداڵی خولیای بەخێوکردنی بولبول، قاز، مریشک و جوجکە بووم. کاتێک گەورە بووم ھەر ئەو حەزەم ھەبوو. ڕۆژێک لە ھەولێر ئەم شێرەم بە خەڵات لە برادەرێک وەرگرت و زۆریش پێم خۆش بوو، تا ئەمڕۆ کە دەبێتە پێنچ ساڵ و شەش مانگ زۆر لەگەڵی دڵخۆشم. من ھەفتانە چەندە ماندوو بم لە ئیشوکارەکانم کە سەردانی باخچەی شێرەکەم دەکەم و لەگەڵی دەبم یا ئەگەر تاقەتی ھەبێت یاری لەگەڵی بکەم زۆر دڵخۆشم دەکات. لەگەڵ شێر و بەتایبەتی لیۆ بوون بۆ من شانازییەکی گەورەیە".

بریفکانی دەڵێت: "من لەسەرەتا یەک شێرم ھەبوو بە ناوی"لیۆ"، ئێستاش ئەو سوڵتانی ئەو باخچەیەیە کە دوو شێری مێ و سێ بەچکەشی ھەیە. من لیۆ وەکو کۆڕی خۆم مامڵەی لەگەڵ دەکەم و زۆریشم خۆشدەوێت".

لەبارەی چۆنییەتی بەخێوکردن و راھێنانەکەی بڵند بریفکانی گوتيشی: "بەخێوکردنی شێر ئاسانە و ڕۆژانە خواردن و خواردنەوەی بۆ دابین دەکەین، بەڵام ڕاھێنان و ماڵی کردنەکەی کەمێک سەخت بوو و ئەرک و ماندووبوونی زۆرمان کێشا تا ئەو تەمەنە و تا کەوی کردنی بەڵام ئێستا لە دەرەوەی شار باخچەیەکم بۆ دروستکردووە و لە وێ بەخێوی دەکەین و زۆر بەئاسانی ڕۆژانە بەپێدانی دوو یاخود سێ مریشک بەخێوی دەکەم. ئەویش لەبەر ھێز و گەورەی زیاتر حەزی لێیە ئێسکی پێچکەکانی مریشک بخوا بەڵام ئێمە ھەموو مریشکەکەی بۆ دادەنێن زۆر جاریش خواردنی بۆ شێرەکانی دیکەش بەجێ دەھێڵیت".

گوتیشی: "خاڵێکی دیکەی چۆنییەتی بەخێوکردن و کەویکردنی ئەوە بوو کە من ھیچ کات گوشتی سوورم نەداوەتێ بۆ ئەوەی چاوی لە گوشتی ئینسانیش نەبێت و ھەڕەشە نەبێت لەسەر ھیچ کەسێک و سبەی ئەگەر لیۆ کە چووە نێو بازاری دھۆک لە ماڵ دەرچوو، مەترسی نەبێت بۆ سەر کەس و ئەو لە ئێستادا بۆنی مرۆڤ دەزانێت و کەیفی بە ئێمە دێت".

- هیچ کام لە شێرەکان لە قەفەس نەکراون و باخچەیان بۆ دروست کراوە

بریفکانی دەڵێت، پابەندی مافی پاراستنی ئاژەڵانە و ڕێگە بە لەقەفەس کردنی ئاژەڵان نادا و گوتی: "لیۆ و خانەوادەکەی لە قەفەس نین. ئەوان لە دوو باخچەی فراوان دەژین و ساحەی ئەوانیش بە جیایە و کەی حەزیان لێ بێت دێنەوە یەک شوێن. ئێمە مافی ئەوان دەپارێزین لە ئێستادا کە بەخێوکردنیان زۆر قۆرس بووە چەند کەسێک لە خزم و ناسیاوی خۆمیش یارمەتی من دەدەن بۆ بەخێو کردنیان".

ئەو گوتیشی: "لیۆ دوو مێ'مان بۆی ھێناوە بە ناوەکانی بەلقیس و کلیوپاترا و بریارە دوو مێ'ی دیکەشی بۆ بێنم. ساڵی جارێک جووت دەبێت و و ھەر جارەو سێ بۆ چوار بەچکەشێر لەدایک دەبن بەڵام ھەر کاتێک ئێمە جووتەکەی بھێنینە لای ئەو دەتوانێت جووتەکە ئاوس بکات وەکو ئەوەی ساڵی ڕابردوو کە چوار بەچکەشێری بوو یەکێکیان نەژیا و سێیانیش بە ناوەکانی سەڵاحەددین، زولەیخا و زۆبەیدا مانەوە".

لە کۆتاییدا لەبارەی پرۆژەی ئاییندەی خۆی بۆ بەخێوکردنی شێر و بەتایبەتی لیۆ گوتی: "من پلانم ھەیە بۆ پرۆژیەکی زۆر گەورە بۆ لیۆ. ٥٠٠ دۆنم لە چیاکانی دھۆک تایبەت بە بەخێوکردنی شێر تەرخان دەکەم و ئەوە بۆ لیۆش زۆر باش دەبێت کە دەبێتە سۆڵتانی ئەو دارستانەی کە تیایە".

بلند بریفکانی دەشڵێت کە پلانی هەیە ئەو شوێنە بکاتە شوێنێکی گەشتیاری و گوتیشی: "ئەو پرۆژەیە گەشتیاریش دەبێت و تەنیا گەشتیارەکان دەتوانن بۆ کات بەسەر بردن بچنە نێو ئەو دارستانە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın