Sangar Hamad Azeez
03 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2016
ئاژانسی هەماهەنگی و هاوکاری تورک "TİKA"، مزگەوتی سەوافی نۆژەن کردەوە و لە رێوڕەسمێکدا کە تێیدا خوانێکی بەربانگ بۆ ٣٠٠ خێزانی بێ سەرپەرشت ئامادە کرا، کرایەوە.
خوانەکە کە لە ئۆتێلێکی شاری هەولێر ئامادەکرا، هەریەک لە سەرۆکی بەشی سەرچاوە مرۆییەکان لە ئاژانسی هەماهەنگی و هاوکاری تورک "TİKA"، دکتۆر زولکوف ئۆروچ، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، سەرکۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر محەممەد ئاکیف ئینام و ژمارەیەک پەرلەمانتار بەشداریان تێدا کرد.
لە گوتارێکدا پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی سوپاسی "TİKA"ی کرد و گوتی: "سوپاسی ئاژانسی هەماهەنگی و هاوکاری تورک دەکەین کە لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی چەندین چالاکی مرۆیی ئەنجام داوە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و ئەمنی بۆتەوە بۆیە چەندین رێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی یارمەتی ناوچەکە دەدەن، بەڵام یارمەتییەکانی تورکیا زۆرتر کاریگەرن".
هاوکات سەرکۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر، محەممەد ئاکیف ئینام گوتی: "TİKA" بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان ئایین، نەتەوە و ناوچە لە مانگی رەمەزاندا لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی چەندین چالاکی مرۆیی ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبیت لەسەر چالاکییەکانی، هەر بەم بۆنەیەشەوە ئێمە سوپاسیان دەکەین. ئێمە وەک تورکیا هەموو کات هەوڵمان داوە لە کاتە سەختەکاندا دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماوان درێژ بکەین، سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە".