Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ لە هۆڵی رێكخراوی كورتە باڵاكانی كوردستان ، كۆمەك و هاوكاری بەسەر 400 خێزانی كورتە باڵادا دابەشكردا، هاوكارییەكەش بریتی بوو لە كارتۆنێك خواردنی جۆراوجۆری وشكە و كیسێك برنج كە رۆژانە هەر خێزانێك بۆ ئامادەكردنی خوانێك پێویستی پێی هەیە.
بەرپرسی بەشی كارەسات لە لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی رەشمان بایز لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "وەك رێكخراوی مانگی سووری عێراقی و رێكخراوی مانگی سووری توركی بەهاوكاری رێكخراوی دەستی هاوكاری 400 بەشە خۆراكمان گەیاندە رێكخراوی كورتە باڵاكان لە سلێمانی ، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان كە بەهۆی خراپی دۆخی خەڵكەكەوە پێویستی زۆریان بەو هاوكاریانە هەیە ".
ئەو گوتی: "هاوكارییەكان لە هەولێرەوە گەیەنراونەتە سلێمانی و بۆ مانگی رەمەزانیش بەهەمان شێوە جارێكی تر دەست بە دابەشكردنەوەی هاوكارییەكان دەكەن".
رەشمان بایز ئەوەشی گوت: "لە نێو شارەكانی هەرێمی كوردستان و كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان ، هەروها لە نێو موسڵیش بەرنامەی كۆمەك و هاوكاریمان هەیە ، لە مانگی رەمەزانیشدا خوانی بەربانگمان دەبێت و هاوكاری هەژاران و ئاوارە و پەنابەرەكان لەهەر شوێنێك بێت دەكەین".
لەلای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان عومەر جەبار بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی و كەمكردنەوەی مووچەوە ، كورتە باڵاكانی كوردستان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە دۆخێكی سەختدا ژیان دەكەن ، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندی دارەكان هاوكارییان بكەن و حكومەتیش چیتر پاشەكەوت لەسەر كورتە باڵاكان نەكات".