Ozhin Jola
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ یەکشەممە بەبڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، دەوامی قوتابیانی زانکۆ دەستی پێکرد.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، شێوازی خوێندنی ئەمساڵ بەھەردوو شێوازی ئۆنڵاین و ئامادەبوونی قوتابی دەبێت و وانەکانی تیۆری بەشێوازی ئۆنڵاین دەبێت و وانە پراکتیکیەکانیش دەبێت قوتابیان تیادا ئامادەبن و بۆ خۆپارێزیش لە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی لەھەر هۆڵیکدا پێویستە ٢٠ قوتابی زیاتر نەبیت.
جێگری سەرۆکی زانکۆی کەرکووک بۆ کارووباری زانستی، ئەحمەد ئیبراھیم دەربارەی خوێندنی ئەمساڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمڕۆ بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەوامی قوتابیان لە ١٨ کۆلێژەکەی زانکۆی کەرکووک بەشێوازی تێکەڵاو لەنێوان ئۆنڵاین و ئامادەبوونی قوتابیان دەستی پێکرد.
ئەحمەد ئیبراھیم گوتی: "بۆ جێەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەمامکمان بەسەر قوتابیاندا دابەشکردووە و ئامێری پێوانەکردنی پلەی گەرمای لەشمان لە ھەموو ھۆڵ و بەشەکان دابینکردووە".
جێگری سەرۆکی زانکۆی کەرکووک راشیگەیاند کە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زانکۆ ئەھلیەکانیش دەگرێتەوە و دەبێت کاری پێ بکەن.
قوتابیانی زانکۆی کەرکووک بەپەرۆشەوە دەوامی زانکۆیان دەست پێکرد و رێژەی ئامادەبوونی قوتابیان لە ئاستێکی باشدابوو.
ئەحمەد عادل قوتابی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمێکە چاوەڕوانی کردنەوەی دەوامی کۆلێژ و دەستپێکردنەوەی خوێندن بووین، ھەرچەندە دەوامی زانکۆ بەشێوازی ئۆنڵاینە کە ئەمەیش کاریگەری خراپ دەخاتە سەر ئاستی قوتابیان، بەڵام باشترین بڕیارە بۆ ئەوەی ئەم سەردەمی کۆڕۆنایە تێپەڕێنین".
زانکۆی کەرکووک لە ١٨ کۆلێژ پێکدێت کە ١٥ کۆلێژیان لەنێو کەمپی زانکۆی کەرکووکدان و ئەوانی تر لە دەرەوەی کەمپی زانکۆ و کۆی گشتی قوتابیانی زانکۆکە، ٢٨ ھەزار قوتابییە و ١٥ کۆلێژی ئێوارانیش هەن کە سەر بەزانکۆی کەرکووکن.