Sangar Hamad Azeez,Sarmand Hameed
13 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2016
لە چوارچێوەی یارییەکانی کوپا ئەمریکا 2016دا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی هەڵبژاردەی پیڕۆ بووەوە.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا هەردوو هەڵبژاردە سەرەڕای چەندین هەلی ئاسان نەیانتوانی گۆڵ لەیەکتر تۆمار بکەن.
دواتر لە گێمی دووەمدا یاریزانی هەڵبژاردەی پیرۆ رائول رۆدیاز لە خولەکی 75 دا گۆڵێکی بەدەست تۆمارکرد و ناوبژیوانی یارییەکەش دیمەنەکەی نەبینی و گۆڵەکەی هەژمار کرد.
بەم گۆڵەیەش هەڵبژاردەی پیرۆ سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بە یەکەمی گروپەکە بۆ قۆناغی داهاتوو سەرکەوت، هەڵبژاردەی بەرازیلیش ماڵئاوایی لە جاماکە کرد.
دوا بەدوای یارییەکەش راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رەخنەی لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت و بە هۆکاری شکستی هەڵبژاردەکەی لەقەڵەمی دا و گوتی: "بە گۆلێکی نادروست ئێمەیان دوورخستەوە لە کوپا ئەمریکا، نازانم بە ھەبوونی ئەو ھەموو تەکنەلۆجیایە چۆن ئەو ھەڵەیە لەلایەن ناوبژیوانەوە روودەدات".
ھەڵبژاردەی بەرازیل, دوای کوپا ئەمریکای ساڵی 1987، بۆ جاری یەکەمە لە قۆناغی کۆمەڵەکان مالئاوایی کرد.
دوای تەواو بوونی هەرسێ یاری کۆمەڵەکانی کوپا ئەمریکا ریزبەندی گروپی "B" بەم شێوەیەیە:-
| هەڵبژاردە | ی | ب | یک | د | گک | گل | جگ | خ |
|---|
| 1 | پیرۆ | 3 | 2 | 1 | 0 | 4 | 2 | 2 | 7 |
| 2 | ئیکوادۆر | 3 | 1 | 2 | 0 | 6 | 2 | 4 | 5 |
| 3 | بەرازیل | 3 | 1 | 1 | 1 | 7 | 2 | 5 | 4 |
| 4 | هایتی | 3 | 0 | 0 | 3 | 1 | 12 | -11 | 0 |