Doğa Kırmızıoğlu
17 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2021
ئەنقەرە - AA
لە چین یاریزانێکی تێنس بێسەروشوێن بووە کە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبووەوە کە لەلایەن جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ژانگ گاوۆلی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر.
ئەو یاریزانە ناوی پێنگ شوای-یە، تەمەنی ٣٥ ساڵە و ماوەی دوو هەفتەیە چارەنووسی نادیارە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتیی تێنسی ئافرەتان، ستێڤ سیمۆن لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنەکانی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە گومانیان لە سەلامەتی پێنگ شوای هەیە.
ستێڤ سیمۆن گوتیشی: "دوای بێسەروشوێن بوونی یاریزانەکە پەیوەندیمان بە یەکێتیی تێنسی چین-ەوە کرد و یەکێتییەکە پێی راگەیاندنین کە پێنگ شوای سەلامەتە، بەڵام رێگەیان پێنەداین لەگەڵی گفتوگۆ بکەین".
لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا، پێنگ شوای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە سێ ساڵ پێش ئێستا ژانگ گاوۆلی کە لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٨ جێگری سەرۆکوەزیرانی چین بووە، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.