Ali Makram Ghareeb
24 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2023
کەرکووک - AA
عەبدولڕەحمان کامل گەنجێکی شاری کەرکووکە، دوای ئەوەی زانی توانای هێنانەدی خەونی کردنەوەی شوێنکاری نییە، رێگایەکی جیاوازی تاقیکردەوە و بیرۆکەی "شوشتنگەی گەڕۆکی" لە شارەکەیدا داهێنا.
عەبدولڕەحمان کامل بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات کە خەونی پێوە دەبینی، ماتۆڕسکیلەکەی کرد بە شوشتنگەیەکی گەڕۆک.
ئەو گەنجە تەمەن ٢٠ ساڵە باسی لە چیرۆکی دروستبوونی ئەو بیرۆکەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
عەبدولڕەحمان کامل ئاماژەی بەوە دا کە نزیکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کۆمپانیایەکی شۆردنی ئۆتۆمبێل کاری کرد و ئەو ئەزموونەی لەوێ بەدەستیهێناوە هانی داوە بۆ ئەوەی دەست بە دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە بکات.
ئەو گەنجەی شاری کەرکووک جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو یەکەم کەس بووە لە شارەکە بیرۆکەی شوشتنگەی گەڕۆکی داهێناوە و باسی لەوە کرد کە دوای ئامادەکردنی ماتۆڕسکیلەکەی بەشێوەیەکی جیاواز، دەستی کردووە بە خزمەتکردن.
عەبدولڕەحمان کامل گوتیشی: "دانیشتوانی گەڕەک کە بە ماتۆڕسکیلەکەمەوە دەڕۆم سەرەتا سەریان سوڕدەمێنێت، دواتر خۆشحاڵ دەبن کاتێک دەبینن سیستەمێکی جیاواز هەیە. خوازیاران لە هەر شوێنێک بیانەوێت ئۆتۆمبێلەکانیان بشۆرن، داواکاریی دەنێرن. کەمتر لە شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێل پارە وەردەگرم".
عەبدولڕەحمان کامل ئاماژەی بەوەش دا کە منداڵی خێزانێکی کەم دەرامەتە و گوتی: "هەر بۆیە دەمەوێت یارمەتی خەڵک بدەم، پارە لەو بەسەڵاچوو و نەخۆش و کەمئەندامان وەرناگرم کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێلەکەیان بشۆم".
راشیگەیاند، لە قەزا و شارۆچکە و گوندەکان و سەنتەری شاری کەرکووک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات و هەر شوێنێک بۆی بچێت پێشوازیی لێدەکرێت.