سلێمانی
سان سەباح عەبدوڵا ساڵی 2008 لە دایکبووە و هێشتا تەمەنی نەگەیشتۆتە شەش ساڵان، توانایەكی گەورەی لە دەهۆڵژەنیندا هەیە و كاتێ دەهۆڵ دەکوتێ، وا هەستدەكەی كەسێكی گەورەیە کە ئەزموونێكی چەند ساڵەی لەو بوارەدا هەبێ.
سەباح باوكی سان كە بۆخۆی یەكێكە لەهونەرمەندە دیارەكانی شاری سلێمانی و ئەندامی تیپی موزیكی میلی شارەكەیە، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر منداڵەكەی هەبووە، لەبارەی سانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لە تەمەنی سێ ساڵیەوە هەستم كرد بەوەی بەهرەیەكی گەورەی هەیە لە دەهۆڵ ژەنیندا، لەو تەمەنەدا لە ماڵەوە بە قاپ و قاچاخ و كەوچك و چەتاڵ دەستی پێكرد و زۆر جار بەو كەلوپەلانە دەهۆڵی لێدەدا."
سان ئێستا تەمەنی لە شەش ساڵی نزیكبۆتەوە و بەردەوام پڕۆڤە لەسەر كارەكەی دەكا. بۆ خۆی دەڵێ دەیەوێ لە داهاتوودا ببێتە دەهۆڵژەنێكی بەتوانا. ئێستا ڕۆژانە پێکەوە لەگەڵ باوكی لەماڵەوە ڕاهێنان دەكەن و پێكەوە مۆسیقا دەژەنن.
ئەو لە ئامێرە موزیكییەكانی تریشدا شارەزایی هەیە، بەڵام زیاتر حەزی لەدەهۆڵژەنینە و بە گۆرانیبێژە میللییەكان سەرسامە، تائێستا دەهۆڵی بۆ 30 هونەرمەندی میللی لێداوە، چەندین هونەرمەندو موزیكژەنی دیکە خوازیارن سان لەگەڵیان بەشداری چالاكی و بەرهەمە هونەرییەكان بكا.
سان بۆ خۆی دەڵێ: "تائێستا دوو بەرهەمی منداڵانم بۆ چالاكی قوتابخانەكان تۆماركردووە و بچووكترین ئامێرژەنی گروپەكەمم كە دەهۆڵ دەژەنم. هەروەها بەشداری فێستیڤاڵی هەورامییەكانیشم كردووە."
سان ئێستا لە باخچەیەكی ساوایانی شاری سلێمانییە و یەكێكە لە منداڵە بەهرەمەندەكانی باخچەكەی.
چێنەر محەمەد مامۆستایەكی سانە لەبارەی ئەو منداڵەوە دەڵێ: "یەكێ لەمنداڵە چالاكەكانی باخچەكەمانە، بێجگە لە دەهۆڵژەنین لە بوارەكانی دیکەی نیگاركێشان و وێنەکێشانیشدا چالاكە و بەشداری پێشانگای ساڵانەی باخچەكەی كردووە."
رەنگە سان لەو هونەرمەندانەی دیکە شانسی زیاتربێ بۆ ئەوەی ناوبانگ پەیدا بکا لە بواری دەهۆڵژەنیندا، چونکە ئەم لە تەمەنێکی زۆر کەمەوە دەستیپێکردووە و ئەگەر بەردەوامبێ، بە ئەزموونێکی زۆرەوە گەورە دەبێ و پێ دەگا.