Rawan Subhi Obaidullah
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2022
دھۆک - AA
لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست کراوە بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان (دەرگەھێ بادینان) لە شاری ئامێدی و بەپێی لێدوانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای دھۆک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پرۆژەکە بە ساڵێک تەواو دەبێت کە ٥٠٠ ھەزار دۆلار لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە تەرخانکراوە.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای دھۆک، ھەیوار ئێحسان ئامێدی کە سەرپەرشتی پرۆژەی دەروازەی بادینان دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "لە ١٠-٥-٢٠٢٢ بە ھاوکاری زانکۆی کۆلۆمبیا دەستمان بە کار کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و پارێزگاریکردن لە دەروازەی بادینان کە ئەو زانکۆیە بڕی ٥٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ دەروازەکە تەرخانکردووە".
دەرگای بادینان دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری ئامێدی و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە (دەرگەھێ کەلھا ئامێدێ)یشی پێ دەگوترێت.
ھەیوار ئێحسان ئامێدی باسی لەوە کرد، قوناغی یەکەمی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینانە و گوتی: "ساڵی ٢٠٢١ چەند پسپۆرێکی جیۆلۆجی دەستیان بە ڵێکۆلینەوە کرد بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بەردەی کە بەنیازبوون بۆ دەروازەی دەرگای بادینان دابنێین، دوای دوو مانگ لە گەڕان، توانیمان لە سنووری قەزای ئامێدی لە گوندی دێرەشێ ئەو بەردە پەیدا بکەین، چونکە بڕیارمان داوە ئەو بەردەی کە بۆ دەروازەکە بەکاردێت وەکو وێنەی ئەو بەردانە بن کە لە وێنەیەکی ساڵی ١٩١٠ زایینی بینیومانە لە وێنەیەکدا کە لەو ساڵە گیراوە، چەندین جار دەستکاری دەروازەی دەرگای ئامێدی کراوە لە ساڵی ١٩٧٣ چەند بەردێک لە دەرگاکە لە ناوچوون و لە ساڵی ١٩٨٠ نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام کەموکوڕی تیادا ھەبووە بۆیە دەمانەوێت بۆ مێژووی ئەو وێنەیە بگەڕێنینەوە کە لە ساڵی ١٩١٠ گیراوە".
25.05.2022 دەرگای بادینان لە قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک نۆژهن دهكرێتهوه
- دەرگای بادینان دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری ئامێدی باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە (دەرگەھێ کەلھا ئامێدێ)یشی پێ دەگوترێت.
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای دھۆک باسی لەوەش کرد کە سەقفی دەرگایەکەش بەھۆی لافاو بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٨ زیانی بەرکەتووە بۆیە دەمانەوێت بۆ قوناغی داھاتوو سەقفی دەرگایەکە و پەیژەکانیش نۆژەن بکەینەوە، چونکە لە ماوەی ئەو چەند جارەی نوژەنکراوە، چیمەنتۆ بەکارھێنراوە و سیمای شوێنەوارەکە تێکدراوە.
بەڕێوەبەری پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری دەرگای بادینان، زەینەب بەحرانی کە مامۆستایە لە زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیویۆرک بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئەم دەرگایە گرنگی خۆی ھەیە بۆ مێژووی ناوچەکە ھەمووی لە ساڵی ١٩٧٠ دەرگاکە تێکچووە و دوای ١٩٩٠ کە نوژەنکراوە وەکو خۆی نۆژەن نەکراوەتەوە و دوای لێکۆلینەوە بۆمان دەرکەوت، شوێنی ئەو بەردانەی کە بۆ واجیھەی دەرگاکە بەکارھاتوون بەھەڵە دانراون، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بۆ سەدەی ١٣ بیگەڕێنینەوە، چونکە شوێنەوارەکە گرنگییەکی زۆری ھەیە بە تایبەت پەیژەکان کە مێژوویەکەی بۆ زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ دەگەرێتەوە.
دەرگای بادینان لە ١٧-١٠-١٩٣٥ وەک شوێنەوارێکی مێژوویی راگەیێندراوە، شوێنەوارناسان مێژووی دەرگای بادینان لە ئامێدی بۆ دوو ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە تاوەکو ئێستا بەوردیی نازانرێت کە کەی دروستکراوە، بەڵام چەندین ئاسەواری ھونەریی پێش سەردەمی ئیسلامی تیادایە لەوانە سێ پەیکەر کە دروستکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان.
ئامێدی شارێکی دێرینە و لەسەر چیایەکی بەرز دروستکراوە کە شێوەکەی بازنەییە و لە شێوەی قەڵا دایە، چەند شوێنێکی شوێنەواریی لەسەر قەڵای ئامێدی ھەن وەک منارەی گەورە، دەرگای کۆنی ئامێدی، قوبە، دەروازەی زەردەشتی، شوێنەواری قوتابخانەی قوبەھان و چەند شوێنەوارێکی دیکە.