Heman Hussein Yaseen
23 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی سێکتەری شوێنەوار و پاراستنی شوێنە دێرین و شوێنەوارییەکان لە ھەرێمی کوردستان، لەسەر بوودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، قشڵەی ئاکرێ نۆژەن دەکرێتەوە".
بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، "گرنگیی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە وێڕای پاراستنی لایەنی شوێنەوارییەکەی، ھاوکات دەبێتە ھۆی بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە شارەکە".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بوودجەی تەرخانکراوی پڕۆژەکە کراوە و ھاتووە "بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ بە گوژمەی ١٦٦ ملیۆن و ١٢٨ ھەزار و ٧٠٠ دینار، لەسەر داھاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قشڵەی ئاکرێ نۆژەن دەکرێتەوە".
قشڵەی عوسمانیی لە ئاکرێ یەکێکە لە بینا مێژووییەکانی قەزای ئاکرێ و دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن و بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی قەزاکە دادەنرێت.
قشڵەی ئاکرێ لە ساڵی ١٨٧٠ زایینی لە سەردەمی حکومڕانی دەوڵەتی عوسمانی دروستکراوە و لە دوو نھۆم پێکھاتووە و لە ھەر نھۆمێک ٢٠ ژووری ھەیە، هەروەها چەند ژوورێکی ژێرزەمینیشی ھەیە، دەرگایەکی گەورە لە ناوەڕاستی قشڵەکەدا ھەیە و تا ئێستا چوار جار کار بۆ نوژەنکردنەوەی کراوە کە چوارەمین جار لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆمپانیایەکی ئێرانی دەستی کرد بە نوژەنکردنەوەی قشڵەی عوسمانیی لە ئاکرێ، بەڵام لە چەند رۆژێک زۆرینەی پارچە شوێنەوارییەکەی لەناوبرد، دەستبەجێ مۆڵەت و گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیاکە ھەڵوەشێندرایەوە.