Heman Hussein Yaseen
10 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2022
هەولێر - AA هێمن حوسێن
ئەنتیکەخانەی "ئەلوان" لە شاری هەولێر کە لە چەندین بەش پێکهاتووە و چەندین کەلوپەلی گرانبەها و مێژوویی تیادا هەڵگیراوە، بووەتە جێی سەرنجی هاووڵاتییان و گەشتیارانی بیانی.
ئەنتیکەخانەی "ئەلوان" کە تەمەنی ٥٠ ساڵە و بەشێک لەو کەلوپەلانەی تیایدایە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ دەگەرێتەوە و خاوەنی ئەنتیکەخانەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانیکارانی زیاتر خەڵكی بیانیین و بۆخۆیشی وەک حەز و خولیایەک لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلی کۆن و دانسقەکانە.

خاوەنی ئەنتیکەخانەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین کەلوپەلی گرانبەها و مێژوویی هەیە کە بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی دوڵەتی عوسمانی و راشیدەگەیەنێت کە جگە لە کەلوپەلەکان، پێنج هەزار کتێبی جۆراوجۆری ئەو سەردەمەشی هەیە و بەهۆی بچووکی شوێنەکەی ئێستای کێشەی هەڵگرتن و نمایشکردنی کتێب و بەشێک لە کەلوپەلەکانی هەیە.
خاوەنی ئەنتیکەخانەی "ئەلوان" پیاوێکی تەمەن ٦٦ ساڵە رۆژانە بەتەنیا دوکانێکی بچووک لەسەر شەقامێکی گشتی دەکاتەوە و چەند کەلوپەلێکی کۆن و مێژوویی لێ نمایشکردووە، بەڵام کاتێک دەچیتە نێو دوکانەکە، ئەوا چەند پلیکانەیەک دەتگەیەننە ژێرزەمینی دوکانەکە و ئەنتیکەخانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند لەوێ بوونی هەیە کە پڕیەتی لە مێژوویەکی دوور و درێژ و چەندین بەش لەخۆ دەگرێت.

بەهۆی ئەوەی کەلوپەلەکان لە رووبەری شوێنەکە زیاترن، بۆیە کەلوپەلەکان بەشێوەیەکی چڕ و لەپاڵ یەکتر دانراون و رێڕەوەکانی هاتوچۆکردن باریکن و لە دواوەش شوێنێکی دانیشتن بۆ میوانەکان رێکخراوە، بەتایبەت ئەوانەی بیانیین و دەیانەوێت زیاتر زانیاری لەسەر کەلوپەل و مێژووی ئەنتیکەخانەکە وەرگرن.
لە شوێنی دانیشتن، وێنەی ژمارەیەک سەرکردە، رابەڕ و شۆڕشگێڕانی جیهان کە لە مافوور دروستکراون هەڵواسراون، لەپاڵ ئەوانیش چەندین تەسبیح و ئەنگوستیلە و ئەلقەی پەنجە نمایشکراون، دواتریش ریکۆردەرێک دانراوە کە لێیەوە بەردەوام گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردی، عەرەبی تورکمانی لێ دەدرێت.
حاجی خاڵس یونس کە بە خاڵس "ئەنتیک" ناسراوە لە ساڵی ١٩٥٦ لە قەڵای هەولێر لەدایک بووە، ئەو لەبارەی حەز و خولیا و سەرەتای دەستپێکردنی بەم کارە گوتی: "ئەو ئەنتیکەخانەیە مێژووەکەی ٥٠ ساڵە، من ماوەی ٥٠ ساڵە خولیای کەلەپووری کوردیم و توانیوومە ئەو شتە کولتووری و فۆلکلۆرییانە بپارێزم، کەلوپەلەکان خۆی لە زۆر بەش دەبینێتەوە، وەک چنینی دەستی، زیو، چەک، جلوبەرگ، تابلۆ، ئەرشیفی دەنگ، میوزیک، کەلوپەلی کۆنی ئاسنگەریی و چەندین کەلوپەلی دیکەی کۆن و مێژوویی".
حاجی خاڵس یونس لەبارەی دەستکەوتنی کەلوپەل و تەمەن و مێژووەکانییان دەڵێت "کاتی خۆی لە شار و گوندەکان دەگەڕام، کەلوپەلەکانم دەکڕی، بەڵام ئێستا بەهۆی تەمەنمەوە ناتوانم شار و گوندەکان بگەڕێم، ئێستا خەڵک شتەکان دەهێننە لام و لێیان دەکڕمەوە، بێگومان تەمەن و مێژووی کەلوپەلەکان وەکو یەکتر نین، بۆ نموونە شت هەیە تەمەنی زۆر کەمە بەڵام زۆر بە نرخە، بە پێچەوانەشەوە شت هەیە تەمەنی زۆرە و نرخی کەمە، بۆیە تەمەن رۆڵ نابینێت بەڵکو دەبێت شتەکە دانسقە بێت و هەر یەک دانە هەبێت".

بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆنەوە شوێنی پێکەوەژیان بووە، هەر بۆیە لە ئەنتیکەخانەکە کەلوپەلی جیاوازی تایبەت بە نەتەوەکان دەبینرێت و لەمبارەیەوە حاجی خاڵس "ئەنتیک" گوتی: "شتم هەیە تەمەنی ٥٠٠ ساڵە و نمایشکراوە بۆ میوانەکان کە لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان پێی ئاشنا دەبن، ئەنتیکەخانەکە ئەو شتە دەگمەن و جوانانەی کە هەموو میللەتانی وەک کورد، تورکمان، ئاشووری و پێشووتریش جوولەکە هەبوون، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لێیە کە نمایش کراوە، کاتی خۆی کە جوولەکە لە هەولێر بوون وەکو ئێستا پێکەوەژیانی هەبوو لەنێوان پێکهاتەکاندا، بەڵام کە دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بوو، کێشە دروست بوو، هەروەها کاتێک جوولەکە لە هەولێر بوون، کاری زێڕەنگەرییان دەکرد، هەولێرییەکانیش لەوان فێری کاری دەستی زێڕەنگەریی بوون و دواتریش پەرەیان بەکارەکەیان دا".
شتێکی دیکە کە لەنێو ئەنتیکەخانەکە هەیە، کەلوپەلی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییە کە بەدەر لە شتی مێژوویی و گرانبەها، ژمارەیەکی زۆر کتێب و پوڵ و پارەی کۆنی ئەو سەردەمە لەو ئەنتیکەخانەیە بوونی هەیە و لەمبارەیەوە حاجی خاڵس ئەنتیک گوتی: "عوسمانییەکان نزیکەی ٥٠٠ ساڵ دەسەڵاتیان گێڕاوە لەم ناوچەیە، کەلوپەل و پاشماوەکانییان، تاک تاک ماوە، بەڵام من ئەرشیفێکی دەگمەنی دەوڵەتی عوسمانیم هەیە کە بریتییە لە پێنج هەزار کتێب لە بابەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها چەندین نووسراوی فەرمیی فەرمانگەکانم هەیە وەکو نەخشە، پوڵ، گرێبەست، تاپۆ و پارەی کۆنی عوسمانی".
بە گوتەی خاوەنی ئەنتیکەخانەکە، ئەوانەی سەردانی شوێنەکە دەکەن بە پلەی یەک خەڵکی بیانیین و دواتریش خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق و بەشێکی دیکەیش بریتیین لە هاووڵاتییانی دەوڵەتە عەرەبییەکان و تورکیا.

لە بەشێکی ئەنتیکەخانەکە ژمارەیەک چەک دەبینرێن کە بەشێوە و رەنگی چەکەکانەوە دیارە مێژوویەکی کۆنیان هەیە و لە چەندین جەنگدا بەکارهێنراون، حاجی خاڵس لەبارەی چەکەکانەوە دەڵێت "چەکەکان کۆنن، چەک هەیە تەمەنی ٣٠٠ ساڵە واتا پێش ئەوەی گوللـە دەربچێت و بە بارووت کاری دەکرد، دوای ئەوە چەک دەرچوو کە دروستکراوی وڵاتی چیکە، دوای ئەوە چەکی ئینگلیزی و پۆرسەعید و مانهێڕ و سوزەنی سەربازیی و ژمارەیەک چەکی دیکە پەیدابوون، ئەوانیش لە شەڕەکان بەکارهاتوون و ئێستا مۆدێلیان نەماوە و بۆ جوانی نمایشمان کردوون".
حاجی خاڵس دەشڵێت "لە بابەتی هونەریشدا، هەموو جۆرە ئامێرێکی میوزیکم هەیە، وەک گڕامافۆن، ئامێری تێل، رادیۆ، سینەمای بلاجکتۆر و پێنج هەزار بەکرەی فیلمم هەیە کە بەکرەی تێپە، ئەرشیفێکی زۆری دەنگیم هەیە لە جۆری قەوان کە گۆرانییە تورکی و کوردییەکانی لەسەرە، هاوکات ئەرشیفێکی زۆری کتێبی دەستنووسیم هەیە کە هی سەدان ساڵ بەر لە ئێستایە و نایفرۆشم، چونکە بەشێک لە کەلوپەلەکان بۆ فرۆشتن نین و تەنیا دەمانەوێت لە لەناوچوون بیانپارێزین".
شوێنی ئەنتیکەخانەکە بەراورد بە سامانەکەی زۆر بچووکە، بۆیە لەبارەی گەورەکردنی ئەنتیکەخانەکە و پەرەپێدان بە بوارەکە، حاجی خاڵس گوتی: "کەلوپەلم زۆر زیاترە لە شوێنەکە و دابینکردنی شوێنێکی گەورە بۆ ئەنتیکەخانەکە کاری حکوومەتە و داوا دەکەین جێگایەکمان بۆ تەرخان بکرێت".