Hawkar Yaseen
10 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2022
هەولێر - AA
لە هەولێر یادی رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی کرایەوە و خوێندکارانی کورد و نەتەوەکانی دیکە بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی خۆیانەوە چوونە ناوەندەکانی خوێندن و لە هەندێک لە زانکۆ و پەیمانگاکانیش بەبۆنەی رۆژەکەوە ئاهەنگ سازکرا.
جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەپێی ناوچەکانیش شێوازی دیزایین و دوورینەکەی دەگۆڕێت، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمیش گۆڕانکاری لە مۆدێلەکانی جلوبەرگی رەسەنی کوردەوایدا کراوە، بەڵام هێشتا رەسەنایەتی و مۆرکی خۆی ون نەکردووە و بە یەکێک لە جلوبەرگە نەتەوەییە جوانەکانیش دادەنرێت بەهۆی ئەو رەنگاوڕەنگی و شێوازە تایبەتەی کە هەیەتی بەتایبەت جلوبەرگی کوردی خانمان.
لە هەرێمی كوردستان رۆژی ١٠ی ئادار، وەك رۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی دەست نیشان كراوە و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لەو رۆژەدا جلوبەرگی نەتەوەیییان دەپۆشن بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکانی حکوومەت، رۆژەکەش وەک مژدەیەکی هاتنی وەرزی بەهار و نەورۆز سەیردەکرێت و هاووڵاتییانی کورد لەو رۆژەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی.