Alla Mohamad Emin
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
ئاکرێ - AA
ئێوارەی ٢٠ی ئاداری هەموو ساڵێک ئاکرێ بە دیمەنێکی جیاواز پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکات، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی قەزاکە خۆبەخشانە ھەڵدەستن بە گێڕانی ئاھەنگ و رێوەڕەسمەکانی جەژنی نەورۆز، ئەمساڵیش سەرباری دۆخی نالەباری تەندروستی شەش گرووپی خۆبەخش ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.
کاری سەرەکی ئەو گرووپانە بریتییە لە دروستکردنی مەشخەڵی ئاگر، خۆ ئامادەکردنەکەیان سێ رۆژی پێدەچێت بۆیە لە رۆژی ١٧ی ئادارەوە دەستیانکردووە بە ئامادەکاری، مەشخەڵەکان پێکھاتووە لە دارێک بە درێژی یەک مەتر و نیو، لە سەرێکیدا گۆنییەیەکی پێوە دەبەسترێت و بە تەل توند دەکرێت، ئەو بەشەی دەبێتە ئاگردانی مەشخەڵەکە.
ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە چیای ئاکرێ لە سێبەری پەتای کۆرۆنادا دەکرێتەوە
بەرپرسی گروپی موریدانی بارزانی خۆبەخش، راڤین ئەنوەر کە یەکێکە لە رێکخەرانی مەراسیمەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند: "بە ھەموو شێوەیەک بیر لەوە کراوەتەوە کە ئاگری مەشخەڵەکە کاریگەری نەرێنی لە سەر ئەو کەسە نەبێت کە ھەڵیدەگرێت، ھەر بۆیە ھەموو ئەوانەی کە مەشخەڵەکە ھەڵدەگرن دەبێ دەستی دارەکە بگرن و مەودای ھەر کەس لە گەڵ کەسی دیکە دوو مەتر بێت بۆ ئەوەی پرژەی ئاگری بەر نەکەوێت".
ئاکرێ لەگەڵ نەورۆز چیرۆکی جیاوازی ھەیە، لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی بەعس بە ھەموو شێوەیەک ڕێگری لەوە دەکرا کە خەڵک ئاگری نەورۆز بکاتەوە بۆیە لەو سەردەمە ئەم دیمەنە نەدەبینرا کە ئێستا لە نەورۆزدا لە شارەکە دەبینرێت.
دەربارەی نەورۆزی ئاکرێ لە رابردوودا راڤین ئەنوەر گوتی: "لە ڕابردوودا کەرەستەی خۆشی دەربڕین بەم شێوە نەبووە بۆ نموونە نەبوونی یاری ئاگرین، بۆیە وایدەکرد خەڵک دەست بداتە چەک و بە تەقە خۆشی دەربڕێ و ئەمەش وای دەکرد دەسەڵاتی بەعس توڕە بێت، ھەر بۆیە دەستی دەدایە ڕەشبگیری خەڵکی بەڵام لە ئیستادا ئیتر خەمی سەرکوتکردنی خەڵک بۆ نەورۆز کردن نەماوە و خەڵک بە ھەموو شێوەیەک لەم بۆنەدا خۆشی دەردەبڕن".
نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئاکرێ جیاوازە، دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکردووە مەراسیمەکان بە رێکاری خۆپارێزی و بەشداری ژمارەیەکی سنورداری خەلک بەڕێوەبچێت، دەربارەی ئەمە راڤین ئەنوەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ لە ھەموو ساڵەکانی دیکە جیادەکاتەوە سەرھەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنایە بۆیە ئێمە وەک خەڵکی ئاکرێ بە ھەموو شێوەیەک پابەندی رێنماییەکانی حکومەتی ھەرێم دەکەین و خۆمان بە دوور دەگرین لە قەرەباڵغی زیادە و تەنیا لە ڕێی ئەو شەش گروپەوە مەشخەڵەکان دەبەینە سەر چیا و ئاگر دەکەینەوە".
نەورۆز لە قەزای ئاکرێ تایبەتمەندی جیاوازی ھەیە، ئەو جیاوازییەش وایکردووە ناسناوی پایتەختی نەورۆزی پێبدرێت، ساڵانە لە ھەموو شوێنەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی جەژنی نەورۆز خەڵک بە خۆشی و بە جلی کوردییەوە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و ئێوارەی ٢٠ی ئادار بە کۆمەڵ بە پێ و بە مەشخەڵی ئاگرەوە بەسەر چیادا سەردەکەون و دیمەنێکی ناوازە تایبەت بە قەزاکە دەبەخشن.
ئاکرێ قەزایەکی ھەرێمی کوردستانە و سەربە پارێزگای دھۆکە، ساڵی ١٨٧٧ بووە بە قەزا، شارەکە لە نێوان چیاکانی کەلێ، کەلاکەڤنێ و تیشێ-دایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون، ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و لە نەورۆزیشدا جوانتر دەردەکەوێت.