هونەر و كلتوور, لە دەزگا

نیویۆرک.. پێشانگای وێنە براوەکانی ئاژانسی ئانادڵو

پێشانگای وێنە براوەکانی ''Istanbul Photo Awards 2021'' لە نیۆیۆرک کرایەوە.

Betül Yürük  | 19.10.2021 - نوێکردنەوە : 21.10.2021
نیویۆرک.. پێشانگای وێنە براوەکانی ئاژانسی ئانادڵو

New York

نیویۆرک - AA

لە ماڵی تورک لە شاری نیویۆرک، پێشانگایەکی وێنە کرایەوە بۆ ئەو وێنانەی کە لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی وێنە براوەکانی ''Istanbul Photo Awards 2021'' کە ساڵانە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵووەوە سازدەکرێت، خەڵاتیان بەدەستهێنا بوو.

لەو پێشانگایەدا کە بە میوانداری نوێنەرایەتی هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداری ئەندامی ئەنجوومەنی ئاژانسی ئانادۆڵو، یاریدەدەری پرۆفیسۆر د. ئیسماعیل چاغڵار و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی، ئۆغوز ئەنیس پیرۆ کرایەوە، ئەو وێنانەی لە پێشبڕکێی ''Istanbul Photo Awards 2021''دا خەڵاتیان بەدەستهێنا بوو نمایش کران.

نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو کە ئامادەیی کردنەوەی پێشانگاکە بوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشانگای "Istanbul Photo Awards" یەکەم چالاکی کولتوورییە کە لە ماڵی تورک سازکراوە.

راشیگەیاند ''خۆشحاڵین بە زیادبوونی ئەو بایەخەی بە پێشبڕکێی وێنە دەدرێت کە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵووە رێکدەخرێت''.

سینیرلیئۆغڵو باسی لەوە کرد کە لە پێشانگاکەدا کۆمەڵە وێنەیەک هەن رەنگدانەوەی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی پەتای کۆرۆنایە لە روانگەی وێنەگرە جیاوازەکانەوە، لەگەڵ ئەو ترسەی لەسەر رووخساری خەڵک دروستی کردووە لەبارەی نادیاریەکان و لەگەڵ ئەو وێنانەی رەنگدانەوەی داهێنان و فیداکارین. لە هەندێک لە وێنەکاندا ئازاری ئەو کەسانە نیشاندراوە کە لە شەڕ و کارەساتەکاندا خۆشەویستانیان لەدەستداوە.

گوتیشی: ''لە هەندێک رووەوە ئەم پێشانگایە دەرخەری گۆشت و خوێنە لە هەندێک لە گەورەترین بەرەنگارییەکان کە ئێمە وەک مرۆڤ رووبەڕووی دەبینەوە. هیوادارم پێشانگاکە ویستی کۆمەڵمان بەهێز بکات بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کێشەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و گشتگیر و خێرا''.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی، ئۆغوز ئەنیس پیرۆ کە گوتاری کردنەوەی پێشانگاکەی پێشکەش کرد، رایگەیاند ''بێگومان گرنگترین رووداوی ساڵی رابردوو پەتای کۆرۆنا بوو کە کاریگەری لەسەر جیهان هەبوو. فۆتۆگرافەری بەنگلادیشی، محەمەد شەجهان بەو وێنەیەی بەشداری پێ کرد خەڵاتی یەکەمی پێشبڕکێکەی بەدەست هێنا''.

گوتیشی: ''ئێمە لەو باوەڕەداین کە وێنەگرتن توانای گەیشتن بە هەموو سنوورەکان هەیە و وەک ئاژانسی ئەنادۆڵو گرنگییەکی زۆر بە فۆتۆگرافی دەدەین".

پێرو باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ حەوتەمین کێبڕکێی فۆتۆگرافی ئیستانبوڵ ٢٠٢١ "Istanbul Photo Awards" زیاتر لە ساڵانی دیکە لە تەواوی جیهاندا دەنگیداوەتەوە و نزیکەی ١٥ هەزار فۆتۆگرافەر لە ٩٦ نەتەوەی جیاواز بەشدارییان تیایدا کردووە.

ناوبراو، ئاماژەی بەوەش دا کە وێنە براوەکانی کێبڕکێکە بۆ جاری پێنجەم لە ماڵی تورک لە نیویۆرک نمایش کراون و بڕیاریشە دواتر لە ٢٠-٢٩ی تشرینی یەکەم لە نەتەوە یەکگرتووەکان نمایش بکرێن.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی کێبڕکێکەشدا فۆتۆگرافەری بەلجیکی، ئالاین شرۆیدەر ئامادەبوو کە بە وێنەیەکی وەرزشی میللی قرغیزستان "کۆک بۆرو" خەڵاتی یەکەمی کێبڕکێکەی بردووەتەوە.

شرۆیدەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "لە ئاداری ٢٠٢٠دا چووم بۆ قرغیزستان. دەبوایە تەنها سێ هەفتە لەوێ بمایاتەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناچاربووم شەش مانگ بمێنمەوە. سێ هەفتەی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بەو وڵاتەدا گەشتم کرد و هەندێک وێنەم گرت. دواتر بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ هیچ وێنەیەکی دیکەم نەگرت. کاتێک رێوشوێنەکان لەوێ کەمکرانەوە دووبارە دەستم بە گەشت کردەوە و هەندێک وێنەی دیکەم گرت".

ناوبراو خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە بە وێنەیەکی ئەو کاتەی لە قرغیزستان بووە توانیویەتی خەڵاتی یەکەم بەدەستبهێنێت.

- "بوونی ئەم هەموو ریزبەندییە جیاوازە لە کێبڕکێکەدا شتێکی ناوازەیە"

جەیمس وێڵفۆرد کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانیی“Istanbul Photo Awards” بوو و لەئێستاشدا هەڵەچنی کەناڵی ناشناڵ جیۆگرافیک-ە لە میانی لێدوانێکیدا رایگەیاند "زۆر سوپاسی بانگێشتەکەتان دەکەم، خۆشحاڵبووم بە هاتنم بۆ ئێرە و بینینی پێشانگاکە. بەڕاستی بوونی ئەم هەموو ریزبەندییە جیاوازە لە کێبڕکێکەدا شتێکی ناوازەیە".

لە رێوڕەسمی کردنەوەی کێبڕکێکەدا کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە شاری نیویۆرک، رەیهان ئۆزگور و ژمارەیەک نوێنەری لایەنە بیانییەکان و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی بیانی ئامادەبوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın