"بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە لە کەرتی غەززە زیاتر لە ٢٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون رووخاون"
- نەتەوە یەکگرتووەکان: "زیاتر لە ٢٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون رووخاون یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ٣١ دامەزراوەی پەروەردەیی کە پێکهاتوون لە خوێندنگە، ناوەندی خوێندنی پیشەیی و پەیمانگا بەهۆی هێرشەکانەوە کاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست بووە"

Geneve
جنێڤ - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەو هێرشە ئاسمانییانەی ئیسرائیل لە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا دەیکاتە سەر کەرتی غەززە موڵکی مەدەنی و ٢٤ خوێندنگە لەو ناوچانەی ژمارەی دانیشتوانەکەی چڕە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، زیاتر لە ٢٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون رووخاون یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە و سەدان کەسیش بەدوا پەناگەدا دەگەڕێن.
گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)، یانس لارک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە نووسینگەی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سازیکرد، رایگەیاند ''نیگەرانین لەو رووداوە توندوتیژیانەی لە خاکی فەڵەستین و ئیسرائیلدا درێژەیان هەیە. ژمارەی بریندارانی پێکدادانەکانی هەردوولا بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هاووڵاتیيانی مەدەنی ئازار دەچێژن''.
لارک باسی لەوە کرد هێرشەکان گورزیان لە گەیشتنی ئاوی خاوێن بە کەرتی غەززە گەیاندووە کە تەخمین دەکرێت نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی تێدا بژی، هەروەها خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و خزمەتگوزاریەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها لارک ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتیيان بە دەست گەیشتووە باس لەوە دەکات موڵکی مەدەنی زیانی زۆری بەرکەوتووە و، زیاتر لە ٢٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون رووخاون یان زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ٣١ دامەزراوەی پەروەردەیی کە پێکهاتوون لە خوێندنگە، ناوەندی خوێندنی پیشەیی و پەیمانگا بەهۆی هێرشەکانەوە کاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست بووە و، لەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ١٠ی ئایارەوە تا ئێستا دەکرێنە سەر ناوچەکە ٢٤ خوێندنگە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
هاوکات یانس لارک باسی لەوە کرد سەدان کەس کە زۆربەیان لە کەمپی پەنابەرانی کەرتی غەززەدان دەیانەوێت پەنا ببنە بەر ئەو خوێندنگانەی لە باکووری کەرتەکە لە لایەن نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام بەهۆی مەترسی کۆرۆنا و ئامادەنەبوونی خوێندنگەکانەوە نووسینگەکەیان دووچاری دۆخێکی سەخت بووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئیسرائیل لە ١٠ی ئایارەوە دەروازەی سنووری بەیت حانوون-ی بەڕووی هاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتییدا داخستووە و، رێگری دەکات لە گەیشتنی کەرەستە و سووتەمەنی بە ناوچەکە.