قودس هێڵی سووری موسڵمانان

بێگەرد تاڵەبانی: "پێنج هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی کشتوکاڵ دەرەخسێنین"

بێگەرد تاڵەبانی: "بەپەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە دەرگا دەکەینەوە بە رووی دەرچووانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، پەیمانگا و ئامادەییەکانی کشتوکاڵ بۆئەوەی بتوانن وەک سەرپەرشتیار لە پرۆژە کشتوکاڵییەکاندا لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 08.12.2021 - نوێکردنەوە : 08.12.2021
بێگەرد تاڵەبانی: "پێنج هەزار هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی کشتوکاڵ دەرەخسێنین"

Arbil

هەولێر - AA

پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١٠ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمیی هەڵبژاردندا، بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی کرد بۆ پرۆژەیاسای سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی پرۆژە یاساکە بۆ لەمەودوا دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگا و ئامادەییەکانی کشتوکاڵ سەرپەرشتی پرۆژە کشتوکاڵییەکان دەکەن و وەک فەرمانبەرانی کەرتی گشتیش مافی خانەنشینیان دەبێت.​​​​​​​

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی دوای کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی کرد بۆ یەکێک لە پرۆژە یاسا گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان کە دەکرێت بڵێم ئەمە دەبێتە ریفۆرمێکی زۆر گەورە لە سێکتەری کشتوکاڵ بە هەموو بەشەکانییەوە بۆئەوەی ئێمە بتوانین هەلی کار برەخسێنین بۆ ئەو دەرچووانەی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ یان ڤێتێرنەری یان پەیمانگا و ئامادەییەکانی کشتوکاڵیان تەواوکردووە و تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لە کەرتی گشتی سوودمەندبن، ئێمە لە سەرەتای دەسبەکاربوونمان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بیرمان لەوەکردەوە کە دەبێت دەرفەتی کار برەخسێنین بۆ ئەو دەرچووانەی نەیانتوانیوە لە کەرتی گشتییدا سوودمەندبن".

بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "بەپەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە دەرگا دەکەینەوە بەرووی دەرچووانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری، پەیمانگا و ئامادەییەکانی کشتوکاڵ بۆئەوەی بتوانن وەک سەرپەرشتیار لە پرۆژە کشتوکاڵییەکاندا لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێن، بەپێی یاساکە مافی خانەنشینیان پارێزراو دەبێت کە خزمەت دەکەن لە سێکتەری کشتوکاڵدا، پرۆژەکە ئەو بابەتانە ناهێڵێت کە لە رابردوودا کەسێک لە چەند شوێنێک کاری کردووە، چانس دەدرێت بەو دەرچووانەی مافی دامەزراندنیان نەبووە لە کەرتی گشتیدا".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتیشی "من پێموایە ئەمە شۆڕشێکی گرنگە لە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان و رەخساندنی دەرفەرتی کار لە سێکتەری کشتوکاڵدا".

بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاند "هەموو ئەو دەرچووانەی کە لە ساڵانی رابردوو نەمانتوانیوە هەلی کاریان بۆ بدۆزینەوە لە کەرتی گشتیدا بەدڵنیایی دوای پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە کاریان بۆ دەرەخسێت لە پرۆژە کشتوکاڵییەکاندا، بەم یاسایەش لە سێ تاوەکو پێنج هەزار کەس دەرفەتی کاریان بۆ دەرەخسێت".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتیشی "ئومێد دەکەم لە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاساکە پەسەند بکات و داواش لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە یاساکە چووە لای بە زوویی تێی بپەڕێنێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو دەرگا گەورەیە بەرووی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری بکەینەوە و دەست بکەین بە ئەنجامدانی خولی شیاندن تاوەکو بتوانن لە پرۆژە کشتوکاڵییەکاندا سوودمەند بن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın