عێراق

یادی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤

کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەدانانی تاجەگوڵینە و ھەڵواسینی وێنەی شەھیدان، بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 01.02.2021 - نوێکردنەوە : 03.02.2021
یادی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤

Arbil

هەولێر-AA

لە حەڤدەمین ساڵیادی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە شاری ھەولێر کە بەھۆیەوە ١٠٣ کەس شەھیدبوون، بەدانانی تاجەگوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەھیدانی یەکی شوبات رێز لە گیانی شەھیدان گیرا و یادەکە بەڕێوەچوو.

کەسوکاری شەھیدان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان بەدانانی تاجەگوڵینە و ھەڵواسینی وێنەی شەھیدان، بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.

لە رێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەشداربوون ھاوخەمی خۆیان بۆ ئەو کارەساتە دەربڕی و ھەر بەو بۆنەیەوەشەوە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە خۆیان بەقەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانن کە لە ئەنجامی دەستی رەشی تیرۆر لەماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونە قوربانی و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ باشترکردنی باروگوزەرانی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان.

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەمساڵ بەھۆی بارودۆخی تەندروستییەوە رێورەسمی تایبەت بەم یادە بەڕێوەناچێت و وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود بە نوێنەری سەرۆکی ‌حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی تاجەگوڵینەی لەسەر کۆتەڵی شەھیدان لە پارکی سامی عەبدولرەحمان دانا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییشدا بەناوی سەرۆکی ‌حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەهۆی لەبەرچاوگرتنی رەوشی تەندروستیی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی کەسوکاری شەھیدان، رێورەسمێکی فراوانییان ئەنجام نەداوە و ئەوەیشی خستەڕوو کە وەک وەزارەتی کاروباری شەھدان ھەمیشە یادی کارەسات و قوربانییەکان بەرز دەنرخێنن و ئومێدی خواست کە لە رەوشێکی گونجاو ئەم یادانە لە داھاتوودا بکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود گوتی: "ئێمە رێکار و میکانیزمی گونجاومان گرتووەبەر بۆ بابەتی چاکسازی و چەند رێنماییەکیش دەرکراوە، چاکسازی بۆ لە داھاتووشدا بەرنامەمان ھەیە بۆ ھێنانەوەی رووفاتی قوربانییان".

پارێزگاری ھەولێر بە وەکالەت، ھێمن قادر تاجەگوڵینەی پارێزگای ھەولێر لەسەر کۆتەڵی شەھیدان دانا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەم کارەساتە لە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان روویدا و خەڵکێکی زۆر شەھیدبوون، ھەروەھا خەڵکێکی زۆریش برینداربوون، ئێمە وەک پارێزگای ھەولێر ھاتووین وەک وەفادارییەک سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانییان دادەنوێنین".

لە رۆژی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ و لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی خۆکوژی تیرۆریستی لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر، زیاتر ١٠٣ کەس شەھیدبوون کە سەرکردە و کادیر و خەڵکی مەدەنیش لەنێو شەھیدەکاندا بوون. بەم بۆنە خەمناکەوە ساڵانە لەسەر کۆتەڵی شەھیدان لە پارکی سامی عەبدولرەحمان رێورەسمی کارەساتی یەکی شوبات بەڕێوەدەچێت و کەسوکاری شەھیدان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان، تاجەگوڵینە لەسەر کۆتەڵی شەھیدان دادەنێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın