Zana Natık Kerem
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
نەینەوا ــ AA
فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکان گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵیان لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دۆزیوەتەوە کە رووفاتی ٤٠٠ کەسی لەخۆگرتووە و سەرجەمیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، موقەدەم عەلی ئەعرەجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە ھێزە ئەمنییەکان گۆڕێکی دیکەی کۆمەڵیان لە گوندی حەمیدات سەربە قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دۆزیوەتەوە و گوتی:
"'گۆرە بە کۆمەڵەکە رووفاتی ٤٠٠ کەس لە کارمەندان و دەستگیراوەکانی گرتووخانەی بادوش رۆژئاوای پارێزگای نەینەوای لەخۆگرتووە کە سەرجەمیان لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون".
موقەدەم عەلی ئەعرەجی باسی لەوەشکرد کە سەرجەم رووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رادەستی بەشی پزیشکی دادوەریی مووسڵ کراون.
راشیگەیاند کە ئەمە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵە کە لە میانی یەک مانگدا لە ناوچەکە بدۆزرێتەوە.
ئەمەیش لە کاتێکدا نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تا ئێستا دۆزینەوەی ٢٠٢ گۆڕی بە کۆمەڵی لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار بە بەڵگەکردووە کە سەرجەم رووفاتەکانی نێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.