Heman Hussein Yaseen
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەریم سلێمان و کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کشتوکاڵ و خۆراک لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا، ١٧٠ کۆمپانیا لە ھەشت وڵاتەوە بەشدارن کە بەرھەم و بەروبوومەکانیان نمایش دەکەن.
پێشانگاکە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆمپانیاکان لە ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سعوودیە، ئوردن، میسر، تورکیا و ئێران بەشدارن و رۆژانەش پێشانگاکە لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ تا حەوتی ئێوارە کراوە دەبێت.
وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا، گوتی: "لەم پێشانگایەدا، ١٧٠ کۆمپانیا لە ھەشت وڵاتی جیاوازەوە بابەتەکانیان نمایش دەکەن، بابەتەکانش پیشەسازیی خۆراکە و بابەتێکی گرنگیان ھەڵبژاردووە، چونکە بابەتی خۆراک لە ھەموو دونیا بووەتە شتێکی گرنگ و خەمی خەڵکە لە ھەموو وڵاتاندا و پێویستە گرنگی پێ بدرێت".
کەمال موسلیم گوتیشی: "وەکو وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە دامەزراندنی کارگە ئاسانکاریمان کردووە، ھەروەھا لە کەمکردنەوەی باج و رسوماتیش بەتایبەت لەکاتی دامەزراندنی کارگەکان و لێخۆشبوونیان لە گومرک لەکاتی ھێنانی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان".
ھاوکات لە پێشانگاکەدا، کۆنسولی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای گوتی: "وەک دەزانن پێشانگاکە بەردەوام لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە ئەرکی رێکخستنی بۆ دەکرێت لە بواری کشتوکاڵ و خۆراکەوە. مەبەست لێی بەشداری زۆری خەڵک و راکێشانی سەرنجی کۆمپانیاکانی دیکەیە بۆ ئەو بابەتانەیە. ئەمجارەش زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیا بەشدارییان کردووە کە لەسەرانسەری تورکیاوە ھاتوون. کۆمپانیاکانمان ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ھەناردەکاریی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و لە نزیکەوە چاودێری خواستەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن. پەیوەندییەکانیان بەھێز دەکەن. ئێمەیش سەردانی کۆمپانیاکان دەکەین و گوێ لە خواستیان دەگرین. تورکیا بۆی گرنگە کە داتاکانی پەیوەندیدار بە ھەناردەکاریی بۆ عێراق بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت. عێراق بە ھاوبەشێکی گەورەی بازرگانی دادەنرێت بۆ ئێمە و یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی ھەناردەی تورکیا".
ھاکان کاراچای گوتیشی: "بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەسەدا ٢٠ ھەناردەی وڵاتەکەمان زیادی کردووە و ئەوەش پەیوەندی بەو پێشانگایانەوە ھەیە کە دەکرێنەوە و کاریگەری ئەوانە. ئەو پێشانگایانە دەبنە ھۆی ئەوەی ئەو ژمارانە زیاتریش بێت و ئێمەش وەک کۆنسولخانەی تورکیا لەم بوارەدا یارمەتیدەر دەبین".
جێی ئاماژەیە لەو ١٧٠ کۆمپانیایەی کە بەشدارییان پێشانگاکەدا کردووە، تورکیا بە ٧٠یان کۆمپانیا و ئێران بە ٤٧ کۆمپانیا زۆرترین بەشدارییان هەیە.