Heman Hussein Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، عەبدوڵڵا سەعید وەیسی و ژمارەیەک مامۆستایانی ئایینی لە رێورەسمێکدا نەخشەسازیی نوێی دروستکردنی مزگەوتی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند و بۆ ئەم مەبەستەش چەند دیزاینێک پێشکەش کرابوو و دواتر لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بابەتێکی نەخشەسازیی نوێ ھەڵبژێردرا.
سێ نەخشەسازیی ھەڵبژێردراوە کە مۆرکی کوردەواری لەسەر نەخشەسازیی و دیزایینی مزگەوتەکان رەنگیداوەتەوە و لەکاتی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەدا، یەکێک لەو سێ دیزایین و نەخشەسازییە ھەڵدەبژێردرێت.

پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی تیشکی خستەسەر کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان و رایگەیاند، پێویستە لەمەودوا مامۆستایانی ئایینی زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە دەرگای مزگەوتەکان کراوەتەوە و سوپاسی مامۆستایانی ئایینیشی کرد کە لە میانی کەرەنتیندا رۆڵێکی باشیان بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و پاڵپشتی خۆیشی بۆ مامۆستایانی ئایینی دووپاتکردەوە.
دواتر وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم دیزاینە نوێیە دەتوانێت مۆرکی کوردەواری تیاییدا رەنگبداتەوە و گوتی: "لەمەودوا دەمانەوێت دیزایین و نەخشەسازیی مزگەوتەکان مۆرکی کوردەواری تیادا رەنگبداتەوە و لە نەخشەسازیی ھیچ وڵاتێکی دیکە نەچێت، چونکە لە وڵاتانی دیکەی عەرەبیش وایە دیزایین و نەخشەسازییەکان لەیەکتر نزیکن".
پشتیوان سادق گوتیشی: "لەمەودوا بڕیاری نوێ دەرچووە تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی مزگەوت و رەچاوی مەودای نێوان دوو مزگەوت کراوە و رووبەری مزگەوتەکانیش بەپێی بڕیاری نوێ فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا رەچاوی شوێنی ئافرەتان کراوە کە پێشتر ئەوە نەبوو، دیزایینەکە بە جۆرێکە لەگەڵ چوونە ژوورەوە بۆ ناو مزگەوت موسڵمانان ھەست بە بۆنێکی خۆشی گوڵ و گوڵزار بکەن و سیمایەکی جوانتر بە مزگەوت دەبەخشێت".
نەخشەسازییەکە بە جۆرێکە کە گومبەزی مزگەوتەکە لە شێوەی کڵاو و جەمەدانی کوردەواری دەچێت و منارەی مزگەوتەکانیش بە دیزاین و شێوازێکی تازەوە دروست دەکرێن، ھەروەھا شێوازی ناوەوەی نزیک دەبێت لەگەڵ ئەو خشت و دیزاینەی کە لە کۆنەوە بۆ خانووەکانی قەڵای ھەولێر بەکارھاتووە.
لە رێورەسمەکەدا، سێ ئەندازیاری بیناسازی کە دیزایین و نەخشەکانیان کێشاوە لەلایەن پارێزگاری ھەولێر، فرسەت سۆفی و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، عەبدوڵڵا سەعید وەیسی خەڵاتکران.
بەپێی وەزارەتی ئەوقاف بۆ نەخشەی تازەی مزگەوت، سێ نەخشە دەستنیشان کراون بۆ دروستکردنی مزگەوتی تازە، یان دووبارە دروستکردنەوەیان لە سەرانسەری کوردستان و لەنێوان ئەو سێ نەخشە و دیزایینەدا بەپێی تایبەتمەندی و مۆرکی کوردەواری یەکێکیان ھەڵدەبژێردرێن.