Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی ئابووریی و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەحیا عیساوی رایگەیاند کە وەک لیژنەی ئابووریی و وەبەرهێنان كۆمەڵێك چارەسەرییان بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە، خستووەتەڕوو.
یەحیا عیساوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "پێشنیازەکان بریتیین لە كاراكردنی سەپاندنی باج بەسەر كەلوپەلی هاوردەكراو، فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی، كارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەكانی دیكە".
یەحیا عیساوی باسی لەوەشكرد كە هەر لە چوارچێوەی چارەسەرییەكاندا، پێشنیازكراوە كە كەرتەكانی پیشەسازیی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان چالاكتر بكرێن ئەوەیش لە پێناو زیادكردنی داهاتی دارایی دەوڵەت و تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت.
یەحیا عیساوی ئاشكراشیكرد كە حكوومەتی عێراق داوای كردووە، ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز پەسەند بكات بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی چوار مانگی داهاتووی ئەمساڵی فەرمانبەرانی پێ دابین بكات، ئەویش بەهۆی ئەوەی دەوڵەت تەنها پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و روونیكردەوە كە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشدا كە كەرتی وەبەرهێنان، یەكێك لە كەرتە هەرە گرنگەكانی ئابوورییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دیدێكی روونی ئابووریی، ئەو كەرتە لە عێراق وەك پێویست چالاك نییە.
یەحیا عیساوی جەختیكردووەتەوە لەسەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا و گوتی:
"گەندەڵكاران بەهۆی ئەوەی بوونەتە خاوەن پارە، چەك و كاری دیكە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكرێت".