ھیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە ھەولێر دەستنیشان نەکراوە
دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال: "تا ئێستا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھیچ حاڵەتێک دەستنیشان نەکراوە، گومانلێکراوێک ھەبوو بەڵام دوای پشکنین دەرچوو کە تای خوێنبەربوون نییە و نەخۆشییەکی دیکە یە، بۆیە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی دەستینیشانکردنمان نیە".

Arbil
هەولێر - AA
ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە چەند شارێکی عێراق دەستنیشانکراوە و تا ئێستا پێنج کەس بەهۆیەوە گیانییان لەدەستداوە، لە ھەرێمیش ھەرچەندە ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەستی پێکردووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دروست بووە و بەڕێوەری گشتی تەندروستی ھەولێریش ڕایدەگەیەنێت کە ھیچ تووشبوویەک لە ھەولێر دەستنیشان نەکراوە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بە توندی کار لەسەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەکەن بە تایبەت لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان کە ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تای خوێنبەربوون پەتایەکی ڤایرۆسییە، بە درێژایی ساڵ لە عێراق حاڵەت ھەبووە کە تۆمار کراوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان و بە دیارییکراویش لە ھەولێر، زۆربەی ساڵانی ڕابردوو تەنیا لە چەند مانگێک گومان یان حاڵەت ھەبووە، بە تایبەتیش لە مانگەکانی نیسان تا ئاب حاڵەتەکان بە دیار دەکەوتن و دواتر نەدەما".
دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال گوتیشی: "ئەم پەتایە کە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ھەندێکجاریش لە مرۆڤ بۆ مرۆڤەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام گوازراوە سەرەکییەکە ئەوەیە کە لە ئاژەڵ بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە بە تایبەت لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت بەشێوەیەکی نا تەندروست، چونکە ئەو گەنەیەی لەسەر ئاژەڵ ھەیە، پێویستە ڕشاندنی بۆ بکرێت، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نیە بەڵکو ئەرکی کشتوکاڵ و پارێزگاکانە بۆ ئەوەی کارەکان چڕتر بکرێتەوە بە تایبەت لە چێشتخانەکاندا".
لەبارەی دەنگۆی دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال گوتی: "تا ئێستا لە سنووری ھەولێر ھیچ حاڵەتێک دەستنیشان نەکراوە، گومانلێکراوێک ھەبوو بەڵام دوای پشکنین دەرچوو کە تای خوێنبەربوون نییە و نەخۆشییەکی دیکە یە، بۆیە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی دەستینیشانکردنمان نیە".
دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال گوتیشی: "وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی، ڕێکارەکانمان گرتووەتەبەر و لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە بۆ ئەم بابەتە، هەروەها ئامادەکاری کراوە و لە تاقیگەی گشتی پشکنینمان هەیە و پزیشکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە لەم ماوەیەدا زیاتر سەرنج بخەنە سەر نیشانەکانی ئەم پەتایە چونکە لەیەکچوو هەیە لە نیشانەکانی لەگەڵ هەندێک نەخۆشی دیکە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت دا دەکەن، دەبێت زیاتر ئاگاداری ڕێککارەکانی خۆپارێزی بن".
بەهۆی ئەوەی ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان ئەم پەتایە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاودەبێتەوە و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێریش هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵ و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەربڕینی ئاژەڵ زیاد دەبێت، هەرچەندە ئەوانەش ڕێکاری خۆیان هەیە، لای ئێمە بە هەموو شێوەیەک دەقەغەیە ئاژەڵ لەناو ماڵ و ناو کۆڵانەکان سەرببڕینی بۆ بکرێت، پێویستە لە شوێنی مۆڵەتپێدراو سەربڕینی ئاژەڵەکان ئەنجام بدرێت، هەروەها دەبێت شوێنەکان ڕشاندنی بۆ کرابێت و ئێمەش ئەو پێشنیازانەمان کردووە کە ئەم ڕێگایانە بگیرێتەبەر".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٦ کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پێنج کەس لەوانە گیانییان لەدەستداوە کە سێ کەسیان لەماوەی ١٠ ڕۆژدا لە شاری کەرکووک گیانییان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون زۆر بە خێرایی دەردەکەون بە گشتی ماوەی نێوان تووشبوون و دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دوو تا چواردە ڕۆژ دەخایەنێت، لە سەرەتادا چەند نیشانەیەکی نەخۆشییەکە وەکو سەرئێشە، تایەکی بەرز، ئازاری پشت، ئازاری جومگەکان، ئازاری گەدە، ڕشانەوە، سووربوونەوەی چاوەکان و سوور ھەڵگەڕانی ڕوخسار ھەستی پێدەکرێت پاشان سەردەکێشێت بۆ ھەندێک نیشانەی زۆر توند وەکو خوێنبەربوونی دەم و لووت، ھەروەھا گرنگترین نیشانەکانی بریتییە لە خوێنبەربوونێکی زۆر توند لەژێر پێست کە بەتەواویی لەشی کەسی تووشبوو شین ھەڵدەگەڕێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن