Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری رایگەیاند کە ئێستا عێراق لە دۆخێکی مەترسیدار دایە و داواشی لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر کرد کە رەوشەکە ھێور بکەنەوە و دان بەخۆدا بگرن و بە گفتوگۆ ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.
ھادی عامری کە یەکێکە لەسەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی لەبارەی رەوشی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "داوا لە سەرجەم ھاوبەشەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر، ھەروەھا ئەو لایەنانەی کە عێراق و ژیانی عێراقییەکانی بەلاوە گرنگەوە، دەکەین رەوشەکە ھێور بکەنەوە و دان بەخۆدا بگرن و بە گفتوگۆ ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن".
راشیگەیاندووە "ئەوەی ئێستا روودەدات لە سنووری پەیڕەوکردنی دیموکراسییە، گەلی عێراق ترسی ھەیە دۆخەکە سەربکێشێ بۆ خوێنڕژان، ھەروەھا داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکەین کێشەکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ، نەرمی نواندن بۆ یەکدی چارەسەر بکەن، چونکە عێراق لەدۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێنابات و دەبێت لە کێشە دووربخرێتەوە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی ھەفتەیەکدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و ھەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا، ٦٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.