Ekip
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2024
دھۆک - AA
گەنجانی دھۆک جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سنووری ھەرێمی کوردستان-عێراق بچێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژیان و ئاوەدانی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە.
بەرپرسی ماڵی لاوان لە شاری دھۆک، کاوار ڕەسول ئەو کردارانەی ڕێکخراوی تیرۆريستی پەکەکە لە ناو شارەکانی ھەرێم ئەنجامی دەدات بە کرداری تێکدەرانە وەسف دەکات و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "لەم دواییەدا لە سنووری ناوچەی ئامێدی، پەکەکە جموجۆڵی زیاتر کردووە. نۆ گوندی دیکەی ئەو ناوچەیە بەهۆی پەکەکەوە چۆلکراون. ھەروەها ھەر بەهۆی بوونی پەکەکە زیاتر لە ٢٠٠ گوندی سنووری قەزای ئامێدی لەوەتەی ساڵی ١٩٩١ بە چۆلکراوی ماونەتەوە و خەڵک ناوێرێت بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆیان".
کاوار ڕەسول داواش دەکات ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ناوچەکەیان چۆل بکات و لەم بارەیەوە دەڵێت: "داواکارین پەکەکە لە ناوچەکانی ھەرێم نەمێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژیان و ئاوەدانی بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە".
ناڕەزایەتی گەنجانی دهۆک لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دەستی کردووە بە تیرۆری هاووڵاتیانی و هێزەکانی بەرگریی هەرێم. ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم ڕایگەیاند: "ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ھەوڵی تیرۆرکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەر و ماڵی ھاووڵاتییانی ھەرێم دەگەیەنن، لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٤ بەھۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج".
گەنجێکی دیکەی شاری دھۆک بە ناوی نیوار ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد کە پەکەکە بووەتە هۆکاری ئەوەی بە سەدان کاسبکاری شارەکە بێ کەسابەت بمێنن و گوتی: "پەکەکە ئاگری لە بازاری چەلێ بەردا کە بازارێکی میللیی شاری دهۆکە، بەهۆی ئەم کردەوەیە کاسبکارەکان بێکار ماونەتەوە".
گوتەکانی ئەو کەنجەی دهۆک لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممە، ١ی تەمووزی ٢٠٢٤ ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی ھەولێر، کەرکووک و دھۆک بووە و، پلانیان ھەبووە تاوانی دیکەش لەدژی بەرژەوەندیی خەڵک ئەنجام بدەن.
نیوار ساڵح وێرای ئاماژەدان بەو سەیرانگا و کوێستانانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەی دهۆک دەستی بەسەرداگرتووە، گوتی: "پەکەکە ناهێڵێت گەنجەکان بچنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ نموونە گەنجەکان دەیانەوێت کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی بکەن".
شۆڕەشڤان عارف وەک گەنجێکی دیکەی شاری دهۆک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد پەکەکە بەم ڕەفتارانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات زیان بە ئاسایش و قەوارەکەی دەگەیەنێت و لەم بارەیەوە گوتی: "پەکەکە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا زیانی بە کەرتی گەشتوگوزار و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە، چونکە گەشتیار وەکو پێویست ناتوانێت سەردانی شوێنە گەشتیارەکان بکەن. ھەرێم پێویستی بە ھەمەجۆری داھات ھەیە، پەکەکە زیان بە داھاتی ھەرێم دەگەیەنێت".