Heman Hussein Yaseen
07 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2020
هەولێر - AA
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ستیڤ فەیگن لە ھەژماری تایبەتی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە ھەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوە داوە کە خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەجێھێشتنی ھەولێر و رایگەیاند "ئەم دووساڵەی رابردوو وەک ماڵی خۆم سەیرمکردووە حەزدەکەم سوپاسگوزاری خۆم ئاراستە بکەم لەبەرامبەر ھاوڕێ و یادگاری و پێکەوە بەدەستھێنانی کاری شایستە و مانادار".
ستیڤ فەیگن نووسیویەتی "کارکردن لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەی برەودان بە ئامانجە ھاوبەشەکانمان ئیمتیاز و شەرەف بووە بۆ من و لە ھەمان کاتیشدا بووەتە بەشێکی دیار و سەرەکی پیشەکەم، خۆشحاڵبووم بە کارکردن لەگەڵ جێگری کۆنسولی گشتیی، ئێلیزابێس رەوزنستۆک-سیلەر کە ئەویش بەم نزیکانە ھەولێر بەجێدەھێڵێت، ھەروەھا تەواوی ستافی کۆنسولخانە کە لە رێیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا پتەوترکردووە".
لە پەیامەکەی کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە چەند رۆژی داھاتوودا بەخێرھاتنی کۆنسولی نوێی ئەمریکا، بۆب وۆڵەر و جێگرەکەی، کەیتی کایزەر دەکەن.
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ستیڤ فەیگن چەند وێنەیەکی خۆیشی بڵاوکردووەتەوە کە گوزارشت لە دوو ساڵی رابردووی دەکات لە ھەرێمی کوردستان و نووسیوویەتی "سەیری ئەم وێنانە بکەن کە نیشاندەری ھەندێک لە بەرچاوترین ئەو ساتانەن لە ھەرێمی کوردستان بەسەرم بردوون، سوپاستان دەکەم بۆ ھاوبەشی پێکردنی کولتوورە نایابەکەتان لەگەڵمدا لە ماوەی ئەم دووساڵەی رابردوودا".