Zana Natık Kerem
02 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ رایگەیاند کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی گۆڕانکاری لە ژمارەیەک دامەزراوەى ئەمنییدا کراوە.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەھاب ساعدی، لە پۆستی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لادراوە و لە شوێنی ئەو فەریق ڕوکن کەریم عەبود بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر دەست نیشان کراوە.
باسی لەوەیش کردووە کە ھەروەھا لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەریق روکن ئەحمەد سەلیم گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی بەرگریی و لە شوێنی ئەو، لیوا روکن وەلید خەلیفە مەجید کراوە بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو گۆڕانکارییانە لەبەر پێویستی کاری سەربازیی بوون بۆ قۆناغی ئێستا ئەنجامدراون و گوتوویەتی: "ئامانج لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە دەرفەت بە فەرماندە ئەمنییەکانی دیکە بدرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر ھاووڵاتییان بکەن".