جيهان, عێراق

بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی بكوژانی هیشام هاشمی

هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و بەریتانیا داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، بكوژرانی شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی هاشمی دەستگیر بكەن بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن، هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەڵێنی دا، بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكات.

07.07.2020 - نوێکردنەوە : 08.07.2020
بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی بكوژانی هیشام هاشمی

Iraq

بەغدا ــ AA

هەریەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و بەریتانیا داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، بكوژرانی شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی دەستگیر بكەن بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن، هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەڵێنی دا، بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكات.

دوێنێ‌ دووشەممە شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی زەیونە لە شاری بەغدا لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە، تیرۆركرا.

لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ عێراق، جینین هینیس-پلاسخارت لە تویتێكدا سەبارەت بە رووداوی تیرۆركردنی هیشام هاشمی نووسیوویەتی "تووشی شۆك بووین كاتێك هەواڵی تیرۆركردنی دكتۆر هیشام هاشمی-مان بیست و بەتوندی ئەو كردە چەپەڵ و قێزەوەنە ئیدانە دەكەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و دۆستانی هیشام هاشمی دەكەین".

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا، جینین هینیس-پلاسخارت داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە كە بەپەلە بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكات بۆ ئەوەی بدرێنە دادگا تا سزای توند بدرێن.

تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی رانەگەیاندووە.

لە لایەكی دیكەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە نێردەی ئەمریكا لە عێراق لە هەمبەر تیرۆركردنی شرۆڤەكاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی هەست بە نیگەرانییەكی قوڵ دەكات.

لە راگەیەندراوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوا لە حكوومەتی عێراق كراوە، ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی دەستگیر بكات بۆ ئەوەی بدرێن بە دادگا.

هیشام هاشمی ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەدایكبووە و شارەزا و شرۆڤەكار بووە لە بواری گرووپە چەكدارییەكان و چەندین لێكۆڵینەوەی لەوبوارەدا هەیە.

لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن هیكی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر سەبارەت بە تیرۆركردنی هیشام هاشمی نووسیوویەتی "بیستنی هەواڵیی تیرۆركردنی هیشام هاشمی زۆر ئازاری دام، چونكە عێراق یەكێك لە باشترین كەسە ئازا و خاوەن هزرەكانی لەدەست دا".

ئەوەیشی نووسیووە "نابێت رێگە بدرێت ئەو هێرشانە بەردەوام بن، پێویستە حكوومەتی عێراق بە پاڵپشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، تاوانبارانی ئەو رووداوە دەستگیر بكات تا سزای توند بدرێن".

هاوكات سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە راگەیەندراوێكدا داوای لە لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت كرد، بەزووترین کات لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە تیرۆركردنی هیشام هاشمی بۆ رای گشتیی رابگەیەنن و ئەو كەسانەیش كە تێوەگلاون لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی ئاشكرا بكەن.

هاوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە هەمبەر تیرۆركردنی هیشام هاشمی بەڵێنی دا، بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكات، هەروەها رێگە نەدات شەپۆلی دووەمی تیرۆر سەرهەڵبدات و هەوڵەكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەت دا بێت.

مستەفا كازمی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە کە زۆر بەداخەوە هەوڵی تیرۆركردنی شارەزای ستراتیجیی، هیشام هاشمی بیست و رایگەیاند "هیشام هاشمی جگە لەوەی كاریگەریی لەسەر راوبۆچوونەكانی سەر گۆڕەپانی نیشتمان هەبوو، هەروەها یەكێك لە پاڵپشتیارانی هێزە ئەمنییەكان بوو لە شەڕەكانی دژبە داعش".

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گوتیشی: "بەڵێنی دەدەین، بكوژانی هیشام هاشمی دەستگیر بكەین، هەروەها رێگە نەدەین شەپۆلی دووەمی تیرۆر سەرهەڵبدات و هەوڵەكانیشمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın