عێراق

گه‌رما و خۆڵبارین رێگایان له‌ پێگه‌یشتنی هه‌نجیری ئاكرێ گرتووه‌

ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو، وشکەساڵیی، گەرما و خۆڵبارین رێگایان لە پێگەیشتنی ھەنجیری ئاکرێ گرتووە و لەگەڵ دەرکەوتنیدا، ھەنجیرەکان بەدارەکانەوە سیسبوون.

Heman Hussein Yaseen  | 15.08.2022 - نوێکردنەوە : 01.11.2022
گه‌رما و خۆڵبارین رێگایان له‌ پێگه‌یشتنی هه‌نجیری ئاكرێ گرتووه‌

Arbil

هه‌ولێر - AA هێمن حوسێن

ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو، وشکەساڵیی، گەرما و خۆڵبارین رێگایان لە پێگەیشتنی ھەنجیری ئاکرێ گرت و لەگەڵ دەرکەوتنیدا، ھەنجیرەکان بەدارەکانەوە سیسبوون، ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش کە سەبەتەیەک و گۆچانێکی داری بۆ لێکردنەوەی ھەنجیر بە دەستەوەیە، بەڵام بەھۆی سیسبوونییانەوە، ھەنجیرەکان فڕێیدەداتە سەر زەوییەکە و سەبەتەکەی دەستی بە بەتاڵی دادەنێتەوە شوێنی خۆی و ئاماژە بەوەیش دەکات کە رێژەی بەرھەمھێنانی ھەنجیر لە باخەکەیدا بووەتە سفر.

ھەنجیری ئاکرێ یەکێکە لە میوە ھەرە بەناوبانگەکانی وەرزی ھاوین کە تام و بۆن و شێوەی لەگەڵ ھەنجیری شوێنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، ھەر ئەمەیش وایکردووە دانیشتوانی عێراق و گەشتیارانی بیانیش لە میانی سەردانییکردنیان بۆ ئەو ناوچەیە، خواستیان لەسەر جۆرە جیاوازەکانی ھەنجیر ھەبێت، بەڵام ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، بەرھەمی ھەنجیر لەم ناوچەیە بەجۆرێک کەمی کردووە کە بەشی پێداویستی جووتیارەکانیشی نەکردووە.

مانگی ئاب وەرزی پێگەیشتنی ھەنجیرە لە ئاکرێ و بەگوتەی خاوەن باخێکی ھەنجیریش، پێشتر جۆرەکانی ھەنجیریان رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق و دەرەوە کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی وشکەساڵی، گەما و خۆڵبارینەوە رێژەی بەرھەمھێنان بووەتە سفر.

لەمبارەیەوە خاوەن باخی ھەنجیر و ئەندازیاری کشتوکاڵ، شەھاب فارس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمساڵ ھەنجیر زۆر کەمە، پارساڵ لە ١٨ی تەمووز، ھەنجیر پێگەیشتبوو، ئەمساڵ تا ئەمڕۆ ھەنجیرمان نەخواردووە، ھۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمساڵ وەرزی زستان کورت بوو و ھاوینەکەی زۆر گەرم بوو، چونکە کەشی ھەر میوەیەک بگاتە ٤٠ پلەی سەدی ئەوا میوەکە پێ ناگات، ھەروەھا ئەمساڵ خۆڵبارین زۆر بووە و ئاو کەم بوو بەھۆی وشکەساڵییەوە، ھەموو ئەوانە وای کردووە کە بەرھەمی ھەنجیر تەواو کەم بێت''.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، ساڵانە ٣٠٠ تۆن ھەنجیر لە دەڤەری ئاکرێ بەرھەمدێت، بەڵام ئەم رێژەیە تەواو دابەزیووە و نرخی ھەنجیریش بەرزبووەتەوە، لەبارەیەوە شەھاب فارس گوتی: ''ناحیەی بجیل ساڵانە پێش ھەموو شوێنەکان بەرھەمی ھەنجیری پێدەگەیی، بەڵام ئەمساڵ نەیبوو، ئەمە وای کردووە کە ئەمساڵ نرخی ھەنجیر بەرزبێتەوە و نرخی یەک کیلۆ گەیشتووەتە ١٠ ھەزار دینار، بۆیە ئەمساڵ ئەگەر لە دەڤەری ئاکرێ پێنج تۆن ھەنجیر بەرھەمبێت ئەوا زۆر باشە''.

لەبارەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، گەرما و خۆڵبارین لەسەر میوەکانی دیکە و زەرەر و زیانە مادییەکان، شەھاب فارس دەڵێت ''جگە لە ھەنجیر، بەرووبوومی ھەناریش وەک ساڵانی دیکە نییە و کەمە، بۆیە ئەگەر ساڵی پێشوو بایی سێ ملیۆن دینار ھەنجیرمان فرۆشتبێت، ئەمساڵ بایی ١٠ ھەزاریش نافرۆشرێت، چونکە یەک دانە ھەنجیریش پێ نەگەیووە''.

گوتیشی: ''ساڵانە لەگەڵ بانگی بەیانییان دەھاتینە ناو باخەکە و دەستمان بە لێکردنەوەی ھەنجیر دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی سیسبوونی ھەنجیرەکان، ناچارین خەوی بەیانییان بکەین، بەڵام لە خوارەوەی ئاکرێ دۆڵێک ھەیە و لەوێ بەھۆی جیاوازی کەشەکەوە، بڕێکی کەم ھەنجیر پێگەییووە''.

ھەنجیر میوەیەکی وەرزی ھاوینە و پڕ لە کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت و لە خێزانی تووەکانە و بۆ دروستکردنی مورەبا و سەوک و لەتکە سوودی لێ وەردەگیرێت، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە رووی خواردنەوە، تا بەتەواوی پێ نەگات ناخورێت، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی ھەنجیر دابەزاندووە، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگیدانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، ساڵانە لە دەڤەری ئاکرێ زیاتر لە ٣٠٠ تۆن ھەنجیر بەرھەم دەھێندرێت و زیاتر لە پێنج جۆر ھەنجیریشی ھەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، لەگەڵ ئەوەیشدا باخەوانانی ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن ھەنجیر وشک دەکەنەوە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە شەوچەرەی وەرزی زستاناندا سفرەکانیان پێ بڕازێننەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın