ژيان, عێراق

هاووڵاتییەکی پارێزگای دهۆک ٤٠ ساڵە مار بەخێو دەکات

هاووڵاتی عەبدولستار ئەمین: "لەسەر پشتی بێشکەدا، منداڵەکانم بە ژیانکردن لەگەڵ مار راهێناون، ئێستاش تەواوی خێزانەکەمان رێز لە مار دەگرین و بەخێویان دەکەین".

Heman Hussein Yaseen  | 16.08.2022 - نوێکردنەوە : 19.08.2022
هاووڵاتییەکی پارێزگای دهۆک ٤٠ ساڵە مار بەخێو دەکات

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

هەرچەندە مار یەکێکە لە گیاندارە ترسناکەکان و چەندەها جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام هاووڵاتییەک وەک حەز و خولیا ماوەی ٤٠ ساڵ دەبێت، ئاشنایەتی لەگەڵ ماردا هەیە و لە هەر گوندێکی دەورووبەریان خەڵک درک بەوە بکەن مارێک لە ماڵەکەیان یان باخچەکەیان هەیە، ئەوا پەیوەندی بەو هاووڵاتییەوە دەکەن بۆ ئەوەی مارەکە بگرێت.

عەبدولستار ئەمین، هاووڵاتییەکی خەڵکی ناحیەی قەسرۆکی سەربە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆکە، وەک حەز و خولیا، نزیکەی ٦٠ ماری رەش لە ماڵەکەی خۆیدا بەخێو دەکات و رۆژانە خەڵکی ئەو ناوچەیەش سەردانی ماڵەکەی دەکەن بۆ ئەوەی وێنە لەگەڵ مارەکان بگرن.

هاووڵاتی عەبدولستار ئەمین لەبارەی دەستپێکی ئاشنایەتی لەگەڵ ماردا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵی ١٩٨٤ بوو دەستم بە مارگرتن کرد، بەڵام ئەوکات لە ماڵەوە بەخێوم نەدەکرد، بەڵکو هەندێک لەلای خۆم دەمهێشتەوە دوایی بەڕەڵڵام دەکرد، دواتر ئەنفال دەستی پێ کرد و ماوەی چەند ساڵێک بوومە پێشمەرگە، تا ساڵی ١٩٩٣ ژیانی هاوسەرگیریم پێکهێنا و منداڵمان بوو، هەر لەسەر پشتی بێشکەدا، منداڵەکانم بە ژیانکردن لەگەڵ مار راهێناون، ئێستاش تەواوی خێزانەکەمان رێز لە مار دەگرین و بەخێویان دەکەین".

لەبارەی جۆری ئەو مارانەی لە ماڵەکەیدا هەیە، عەبدولستار ئەمین گوتی: "سێ جۆر مار هەیە لە ماڵەکەمدا، ماری رەش، شامار و کۆرەمار ترسناکترینیان جۆری کۆرەمارە، ئەگەر زۆر ناچار نەبم ئەو جۆرەیان ناگرم، بەڵام ماری رەش مەترسی نییە و لەو دەڤەرە لە هەر شوێنێک مار هەبێت، ئەوا خەڵک پەیوەندیم پێوە دەکات و منیش دەچم مارەکە دەگرم و دەیهێنمەوە ماڵەوە بەخێوی دەکەم".

مار بە گۆشتخۆر دادەنرێت و بەراورد بە ئاژەڵەکانی دیکە پێویستی بە خۆراکی زۆر نییە بە بەردەوامی، چونکە کرداری زیندەچالاکییەکانی زۆر هێواشە، لەبارەی شێواز و جۆری خۆراکی مارەکان، عەبدولستار ئەمین گوتی: "خۆراکی سەرەکی مار بەتایبەتی گۆشتی سوورە، مار گۆشتی مریشک باش ناخۆن، چونکە خوێنی تیادا نییە، هەروەها شیر و شەکر دەخۆن، ئەگەر شوێنەکەی گەرم بوو، هەواگۆڕکێی نەبوو ئەوا دەمرێت، بۆیە دەبێت ئاگاداری خۆراک و کەشی ئەو شوێنەی بیت کە لێی دەژیت، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی کانوونی یەکەم، تا سەرەتای مانگی نیسان مار هیچ شتێک ناخوات و ناخواتەوە".

لەبارەی زانینی تەمەنی مارەکانی، عەبدولستار ئەمین دەڵێت "تەمەنی ئەوان دەگەڕێتەوە سەر پێستەکەی بۆ ئەوە بزانرێت تەمەنی چەند ساڵە، هەروەها جیاکردنەوەی رەگەزی مارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەری مارەکە و رەنگی ژێر ملی، کە ئەگەر رەنگی ژێر ملی سوور نەبوو ئەوا نێرە، هەروەها رەگەزی نێر سەری گەورەترە".

لەگەڵ ئەوەی مارەکان لە رەنگ و قەبارەوە جیاوازن، بە هەمانشێوە لە هەڵسوکەوت و ژیانیش جیاوازن، هەرچەندە ئەگەر مرۆڤ پەلاماری مار نەدات، ئەوا مار پەلاماری مرۆڤ نادات، زۆرجار هەوڵدەدات خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبێت پەلامار بدات، چونکە لەکاتی پەلاماردانییدا ژەهرێک بەتاڵ دەکات لەکاتێکدا پێویستی بەو ژەهرە هەیە، چونکە کەمبوونەوەی ژەھر لەجەستەی ماردا، بەواتای نەمانی پڕۆتین دێت لەجەستەی ئەو مارەدا، لەبارەی سوود و زیانەکانی مار، عەبدولستار ئەمین گوتی: "ماری رەش هیچ زیانێکی نییە بەڵکو سوودی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لەناو بێستان و رەزدا هەبێت، ئەوا جورج و مشک و ماری ژەهراویش دەخوات، خودا ماری رەشی وا دروستکردووە کە حەزبە ژیانکردن لەگەڵ مرۆڤ دەکات و زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت لە تەواوی ئەو دەڤەرەی ئێمە نەمزانیووە مار بە کەسێکی وەدابێت".

لە میانی گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدولستار ئەمین لەبارەی بەخێوکردنی مار، کەسێک لە گوندی مرێبای سەربە ناحیەی قەسرۆک پەیوەندی پێوە کرد و پێی راگەیاند کە مارێکیان لەناو باخچەی ماڵێکدا بینیووە، هەر بۆیە گفتوگۆکەمان راگرت و بەرەو گوندەکە رۆیشتین.

کاتێک گەیشتینە باخچەی ماڵەکە، ئاماژەیان بە بوونی مارێکی رەش کرد لەژێر یەکێک لە دارەکانی ناو باخچەکە، هەر بۆیە، عەبدولستار ئەمین و رەوان-ی کوڕە ١٣ ساڵییەکەی، لەماوەی یەک خولەکدا توانییان بەبێ زیان مارەکە بگرن و بیگوازنەوە بۆ شوێنی بەخێوکردنی مارەکان لە ماڵەکەی خۆیاندا.

عەبدولستار ئەمین گوتی: "ئامانجی من ئەوەیە کە مار لە کوشتن رزگار بکەم، ئەگەر کەسێک بیەوێت مارێک بکوژێت ئەوا بەپەلە دەچم رزگاری دەکەم، بۆ نموونە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣دا، لەو گوندەی (مرێبا) مارێک بینرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ مارەکە نەکوژن، بەپەلە رۆیشتم و لە رێگا ئۆتۆمبێلەکەم وەرگەڕا، بەڵام شکور بۆ خوا ئێمە سەلامەت بووین و دواتریش چووم مارەکەم لە کوشتن رزگارکرد".

یەکێک لەو حاڵەتانەی کە خەڵک لە ماردا بەدی دەکات، ئاشقە و ماشقەیە، کاتێک دوو ماری نێرینە و مێینە بۆ لەیەکتر دەئاڵێن و خۆشەویستی بۆ یەکتر دەردەبڕن، لەبارەی ئەم حاڵەتەوەش، عەبدولستار ئەمین گوتی: "بابەتی ئاشقە و ماشقە بریتییە لە عاشقبوونی نێرە و مێینەی مار، ئەو حاڵەتە لە مانگی حوزەیران روودەدات، کاتێک ماری مێینە دێتە دەرەوە لە زەوی، بۆنێکی تایبەت دەردەدات، تەواوی ماری نێرینەکانی لە ناوچەکە هەست بەو بۆنەی دەکەن، کامە ماری نێرینە زووتر بەدەم بۆنەکەوە رۆیشت و گەیشتە لای مێینەکە، ئەوا مارە مێینەکە لەگەڵ ئەو نێرینە دەبێتە عاشق و ئەوانی دیکە هەموو پشتگوێ دەخات، هەموو ساڵێک ئەو حاڵەتە هەیە و لەگەڵ یەکتردا زاوزێ دەکەن".

عەبدولستار ئەمین گوتیشی: "کاتێک نێرینە و مێینەی مارەکە لە مانگی حوزەیران دەبنە ئاشقە و ماشقە، ماوەی یەک کاتژمێر لەیەکتر دەئاڵێن و لەو کاتەدا هیچ هۆشیان نامینێت بە جۆرێک ئەگەر مرۆڤیش لێیان نزیک بێتەوە هەستی پێ ناکەن، چونکە لە قۆناغی عاشقبووندان، دوای ئەوە ئیتر هۆشیان دەگەڕێتەوە و پاشان لە مانگی تەمووز مێینە دەست بە هێلکەکردن دەکەن و کەمتر بە دوومانگ هێلکەکان دەتروکێن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın