Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرس و كارمەندانی بەشی زیادەڕۆیی سەربە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە بەردەم دادگای سلێمانی كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا بە هۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی رووبەڕووی كارمەندانی بەشەكە دەبێتەوە.
لە گردبوونەوەكەدا چەندین داواكاری بەرز كرابوونەوە، كۆی ئەو داواكارییانەش پاراستنی گیانی كارمەندەكان و دەستگیرتن و دادگاییكردنی ئەو كەسانەیە كە تەقەیان لە كارمەندانی بەشەكە كردووە.
لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی، ئاری عوسمان كە پێش چەند رۆژێك لە لایەن چەند كەسێک تەقە لە ماڵەكەی كرا لە بارەی گردبوونەوەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجامدانی ئەم گردبوونەوەیە بۆ گەیاندنی داواكاری و ناڕەزایی كارمەندانی بەشەكەمانە كە بە هۆی كارەكەیانەوە رووبەڕووی هەڕەشە و تەقەلێكردن و دەستدرێژی دەبنەوە، داوا لە بەرپرسانی باڵای حكوومەت دەكەین لەسەر ئەو بابەتە بێنە دەنگ و پارێزگاری لە كارمەندەكانمان بكەن".
ئەو گوتی: "زیادەڕۆیی هەموو كەسێكی گرتووەتەوە و لەسەر ئاستی باڵاش خەڵكی تێدایە لە كاتی سەردانی تیمەكانمان و هەوڵدان بۆ رووخاندن و لابردنی زیادەڕۆییەكان لە لایەن ئەو كەسانەی زیادەڕۆییان كردووە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی و پەلاماردان دەبنەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، تەنها لە ماوەیەكی كەمی رابردوودا خۆیی و دوو كارمەندی تریان تەقەیان لێكراوە، هەروەها دوو كارمەندی تری بەشەكە بە هۆی ئەنجامدانی كارەكانیانەوە سكاڵایان لێكراوە و لە دادگا دەستگیركراون.
كارمەندانی بەشی زیادەڕۆیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە گردبوونەوەكەیاندا یاداشتێكیان ئاراستەی دادگا كرد کە تیایدا داوای ئازاكردنی كارمەندانی بەشەكە كراوە و ئاماژەش بەو هەڕەشە و مەترسییانەیان كردووە كە رووبەڕوویان بووەتەوە بە هۆی جێبەجێكردنی كارەكانیانەوە.
هەروەها داواشیان كردووە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار بن لە جێبەجێكردنی یاسا بۆ لابردن و نەهێشتنی زیادەڕۆییەكان كە لە سنووری ماستەرپلانی سلێمانی كراوە.