Heman Hussein Yaseen
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەندرێن شێخ راغب رایگەیاند کە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لەسەدا ١٠،٥-ە، هاوکات بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد ئاشکرای دەکات کە رێژەی سەوزایی شاری هەولێر لەسەدا ١٨،٧-ە.
هەندرێن شێخ راغب لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشەکانی ژینگە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ پەیوەندیمان هەیە، بەڵام بە هەموومان ناتوانین بەوردی رێژەی سەوزایی رابگەیەنین بەپێی ئەوەی ژینگەی کوردستان بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە".
ئەو گوتیشی: "تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لەسەدا ١٠،٥ بووە و لە ئاستی ستانداردی جیهانییدا نییە، بەپێی بۆچوونە کۆنەکە نابێت رێژەی سەوزایی کەمتر لەسەدا ١٥ بێت، بەڵام بە هۆی گەرمبوونی کەشوهەوای زەوی، توانەوەی بەفر، کارگە، ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەکانەوە بۆچوونێکی دیکە هەیە دەڵێت، نابێت لەهەر وڵاتێکدا رێژەی سەوزایی کەمتر بێت لەسەدا ٢٥، بەڵام ئێمە بەشێوازە کۆنەکەیشی نەگەیشتووینەتە سەدا ١٥ و باشترین شوێن لە هەرێمی کوردستان قەزای ئامێدی-یە کە رێژەی سەوزایی سەدا ٤٣ە و قەزای مەخمووریش خراپترین شوێنی ژینگەیە کە لەسەدا دوو-ە".
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەندرێن شێخ راغب گوتیشی: "رێژەی سەوزایی لە پارێزگای سلێمانی لەسەدا ٩،٥ بووە و لە هەولێر سەدا ٩،١ بووە، ئەگەرچی لەسەر نەخشە رەنگە ژمارەیەکی زۆر سەوزایی هەبێت، بەڵام لە راستیدا بەشێکی زۆریان نەبووەتە سەوزایی و ناکرێت وەکو سەوزایی هەژمار بکرێت".
هەندرێن شێخ راغب لەبارەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر زیادبوونی رێژەی سەوزایی گوتی: "قەیرانی دارایی کاریگەری نەرێنی خستە سەر بواری ژینگە، بە هۆی دابەشنەکردنی سووتەمەنی بەشێک لە دارەکان لەناوچوون و بڕاونەتەوە و بۆ سووتان بەکارهاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەکانی ئێمە وەستان، کاتێک بارودۆخی دارایی باش بوو، پڕۆژەکانیش بەپێی بارودۆخەکە دەچوونە پێشەوە و ئەگەر ئەم قەیرانە نەبووایە رەنگە ئێستا رێژەی سەوزایی سەدا ١٥ بوایە، بەڵام لەم پڕۆژانە کە وەستان ئەگەر رێژەی سەوزایی کەمی نەکردبێت، زیادینەکردووە".
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێژەی سەوزایی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گوتی: "کێشەی ئێمە ئەوەیە کاتێک سەیری ماستەرپلان دەکەین یان نەخشەی شوێنەکان، ئەوا شوێنی زۆری سەوزایی جێگای بۆ کراوەتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو شوێنانە بە کردارەکی نەبووەنەتە سەوزایی و بەدواداچوونمان کردووە و سەیر دەکەین کە شوێنێک هەبووە لە نەخشە باخچە بووە، بەڵام دواتر کراوەتە مارکێت و بازاڕ و شوێنی دیکە".
هاوکات بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی سەوزایی لە سنووری شاری هەولێر لە ئاستێکی باشیدایە و راشیدەگەیەنێت سەرەڕای قەیرانی داراییش توانیوویانە رێژەی سەوزایی زیاد بکەن.
عەبدولواحید ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، رێژەی سەوزایی لەسەدا ١٨،٧یە و بەردەوامیشین لەسەر زیادکردنی ئەو رێژەیە لە رێگای بەجێگەیاندنی پڕۆژەی جۆراوجۆر کاردەکەین و حکوومەتیش درێخی نەکردووە، خواستمان ئەوەیە رێژەکە بەرزبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین رێژەیەکی زۆرتر هەوای پاک دابین بکەین".
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر لەبارەی رێژەی سەوزای شاری هەولێر بەراورد بە رێژەی ستانداردی جیهانی گوتی: "ئەو رێژەیەی کە لە رێگای رێکخراوی تەندروستی جیهانی چەند بنەمایەکی بۆ دیاریکراوە وەک فراوانبوونی شارەکە بە شێوەیەکی ئاسۆیی یان ستوونی، سەرەڕای ئەوەش ئایا ئەو شارە پیشەسازییە یان نیشتەجێیە و بەم پێیە رێژەی سەوزایی لە شارێک بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕدرێت".
عەبدولواحید ئەحمەد سەبارەت بە کاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر رێژەی سەوزایی گوتی: "ئەوەی ئێستا هەیە رێژەیەکی کەم نییە بەراورد بە پێش قەیرانی دارایی، چونکە پێش دە ساڵ رێژەی سەوزایی رەنگە سەدا پێنج بووبێت و ئێستا سەدا ١٨،٧ و رێژەکەی باشە بەراورد بە پێشووتر و سەرەڕای قەیرانی داراییش توانیوومانە ساڵانە بەڕێژەی سەدا دوو تا سێ رێژەکە زیاد بکەین".
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: "تەنها لە شاری هەولێر ٣٤٥ پاڕک و ١٠٨ نافوورە و ٦٠ دوورگەی ناوەندیشمان هەیە، ئەمەش سەرجەمیان لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەکەماندایە و رۆژانە کار دەکەین بۆ پاککردنەوە و بڕین و دروستکردنی شێوەکاری و خزمەتگوزارییەکانی دیکە".