Heman Hussein Yaseen Yaseen
11 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2019
هەولێر - AA
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی رایگەیاند کە لە پلانییاندا هەیە، رێژەی سەوزایی بگەیەننە سەدا ٢٥ و لەئێستاشدا هەولێر لەسەدا ١٧،٨ی سەوزاییە.
نەوزاد هادی لە میانی بەشداریکردنی لە پێشانگایەکی گوڵ و باخچە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بۆ بایەخدان بە زیادکردنی پانتایی سەوزایی، ساڵانێکی زۆرە پلانەکان بەردەوامن و کردنەوەی پارکەکان بەشێکە لەم پلانە بۆ ئەوەی رێژەی پێویست بگەیەنینە سەدا ٢٥ هاوشێوەی دونیا کە لەئێستادا رێژەی سەوزایی لە هەولێر لەسەدا ١٧،٨ە و لە بەرنامەکانیشدا پلانی سەوزایی لەبەرچاو گیراوە؛ بۆ نموونە شەقامی ١٢٠ مەتری سەوزایی پێویستی تێدایە، هەروەها بایەخدان بە نەمامگەکان و کۆمپانیا ئەهلییەکان بەشێکە لەم پلانە و هەوڵمانداوە هاوکاری و ئاسانکاری بۆ نەمامگەکان بکەین".
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی سەبارەت بە کردنەوەی بەشی دووەمی شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری کە درێژترین شەقامی هەولێرە و درێژییەکەی ٣٨ کیلۆمەترە گوتی: "ئامادەکارییەکانی کردنەوەی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری تەواو بووە و تەنها کارەکانی روونانکردنەوە ماوە و لە ماوەیەکی نزیکدا شەقامەکە بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە".
نەوزاد هادی هەروەها لەبارەی وادەی کردنەوەی تۆنێلی پیرمام کە هەولێر بە شەقڵاوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەترە گوتی: "تونێڵی پیرمام بە هۆی بارانەوە کارەکانی تەواو نەبووە بەتایبەت ئەو شوێنەی بە ئاراستەی شارۆچکەی کۆڕێ لە تونێل دەردەچێت هێشتا تەواو نەبووە و هەندێک رووناکی ژوورەوەیشی ماوە و پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە بکرێتەوە".