Ozhin Jolla
26 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2021
کەرکووک - AA
ئێوارهی رۆژی یەکشەممە، بەھۆکارێکی نادیار ئاگر لە مۆڵیکی گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک کەوتەوە و مۆڵەکە بەتەواوی سووتا، بەڵام ھیچ زیانیکی گیانی نەبوو.
لەبارەی رووداوەکەوه، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، کاوە غەریب بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند: "تا ئێستا ھۆکاری ئاگرکەوتنەوهکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت بەھۆی شۆتی کارەباوە بووبێت".
کاوە غەریب گوتیشی: "وەک تیمە جیاوازەکانی پۆلیسی کەرکووک توانیمان لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە حاڵەتی ئامادەباشیدابوون بۆ ئەوەی ئاگرە زیاتر تەشەنە نەکات".
بەھۆی مەترسی بڵاوبونەوەی زیاتری ئاگرەکە، سەرجەم دووکان و مۆڵەکانی بازاڕی عەرەفە داخران و بەشێک لە دووکانەکانی دەرووبەری مۆڵی شاھی ژیان چۆڵکران.
ههر لەسەر رووداوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی کەرکووک، قەیس عەبدولڕەزاق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە و لیژنەیەکیش بۆ لیکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکھێنراوە".
قەیس عەبدولڕەزاق ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشی سەرەوەی موڵەکە زیانی زیاتری بەرکەوتووە چونکە جلوبەرگ و پۆشاکی تیادا بووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی کەرکووک لەبارەی زیانەکانی رووداوەکە رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی کارەکانی ساردکردنەوەی شوێنی رووداوەکەن، بۆیە جارێ ناتوانن زیانە ماددییەکانی ئاگرکەوتنەوەکە بخەمڵێنن.