Ozhin Jola
28 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
ماوەی چوار رۆژە تەرمی سێ هاووڵاتی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە لە پزیشکی دادوەری کەرکووک ماونەتەوە و وەک کەسوکاریان دەڵێن، تەندروستی کەرکووک ئامادەنین رادەستییان بکەنەوە بۆ ئەوەی بە خۆیان بە خاکیان بسپێرن.
کەسوکاری ئەو قوربانییانە دەڵین، "تەندروستی کەرکووک بۆ ناشتنی هەر تەرمێک بڕی ٦٠٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن دیناریان لێ وەردەگرن".
هیجران ئەسخەر کە زاواکەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە گیانی لەدەستداوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چوار رۆژە جەنازەکانمان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک ماوەتەوە و ناماندەنەوە و لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک دەستی دەستیمان پێ دەکەن و ناشهێڵن خۆمان مردووەکانمان بنێژین".
هیجران ئەسخەر گوتی: "داوا لە بەرپرسان دەکەین یارمەتیمان بدەن چونکە ئەو خەڵکە هەژارە و کێشەی بێ ئاوی و بێ پارەیی هەیە و لێرە کەسمان لێ مردووە لەلایەکی تر نەخۆشمان هەیە و ئیش و کاریشمان نییە".
ئەو گوتیشی: "تەرمەکە وشک بووەتەوە بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێکە ماوەتەوە".
هیجران ئەسخەر گوتیشی: "سوپاسی حەشدی شەعبی دەکەین کە هاوکارمان بوون لە گواستنەوەی تەرمی کەسوکارمان و ناشتنی لە پارێزگای نەجەف و پارەیشمان لێ نەسەندین و بێ بەرامبەر ئەو کارەمان بۆ دەکەن، بەداخەوە تەندروستیی کەرکووک هاوکارمان نابن و دەڵین ئێمە هەقمان نییە".
بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری تەندروستیی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، عەبدوڵڵا حوسێن بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە پاش داواکاری هاووڵاتییانی کەرکووک و بەهاوکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەستاین بەگواستنەوەی سێ تەرم کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە گیانیان لە دەستداوە لە پارێزگای کەرکووک-ەوە بۆ پارێزگای نەجەف بۆ بەخاکسپاردنیان.