Zana Natık Kerem
04 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
کۆبوونەوەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافل جەلال تاڵەبانی لە پیرمام دەستی پێ کرد.
ماڵپەڕی " pukmedia" زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوی کردەوە کە کۆبوونەوەی بافل جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە پیرمام دەستی پێ کردووە.
راشیگەیاندووە کە ھەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حوسێن ئامادەی کۆبوونەوەکەن.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق تاوتوێ دەکرێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ چوارشەممە، سێی ئابی ٢٠٢٢، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنییدا داوای کرد ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
لەگەڵ ئەوەی ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.