Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی بۆردومانی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق نزیک سنووری سووریا، چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، کوژراون.
لە راگەیەنراوەکەدا، کەتائیب سەید شوھەدا ھەڕەشەی ئەوەی کردووە کە جەنگێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا، بەرپا دەکات.
ھەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکا، ژمارەیەک خاڵی گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج.
بەگوتەی سەرچاوەکە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، چوار چەکداری گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا کوژراون و سێی دیکەیش برینداربوون.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق، ھیچ روونکردنەوەکەیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک دامەزراوەی ئەو میلیشیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆردومانکردووە.