Ali Makram Ghareeb
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
کەرکووک- AA
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پارێزگای کەرکووک هێرشی کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی پۆلیس.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لەو بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پەلامارەکە لە نزیک شارەدێی ریاز روویداوە و تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی فیدڕاڵییان داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کەلە هێرشەکەدا پۆلیسێک کوژراوە و دوو پۆلیسی دیکەش برینداربوون.
- لە باشووری کەرکووک ئۆپەراسیۆنێک بۆسەر رێکخراوی داعش دەستیپێکرد
لە لایەکی دیکەوە کارمەندی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، حەیدەر ماتۆری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە باشووری کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆسەر ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستیپێکردووە.
ماتۆری، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سوپای عێراق-یش بەشداربوون و بەتایبەتی سەرنج دەخەنە سەر ئەو ناوچانەی لاوازی ئەمنییان تیادایە.
ناوبراو، باسی لەوەش کرد کە تیرۆرستانی داعش بەگشتی بەشێوەی گروپی ٤-٧ کەسی پەلاماری هێزە ئەمنییەکان دەدەن و دواتر لە ناوچەکانی دەرەوەی شار خۆیان حەشاردەدەن.
بەرپرسانی عێراق فەرمانی ئەوەشیان داوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رۆژی دووەمیش بەردەوامبێت.
جێی وەبیرهێنانەوەیە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا توانی تەواوی پارێزگاکانی موسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەشێکی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک کۆنتڕۆڵ بکات.
سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، حەیدەر عەبادی لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش راگەیاند.
دوای نزیکەی چوار ساڵ تا ئێستا تیرۆرستانی داعش لە بەشێکی ناوچەکانی عێراق بەشێوەی گرووپی بچووک ماونەتەوە و ناوبەناو پەلامار و کردەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن.