Sarmand Hameed
02 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، حکوومەتەکەی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە شەشی حوزەیرانی ساڵی داھاتووە.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازکردووە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، مستەفا کازمی رایگەیاندووە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پێویستی بە پاڵپشتیکردن ھەیە و گوتی: "گرنگە سەرجەم وەزارەتەکان، پێدوایستییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بە ئامانجی سەرخستنی کارەکانی، دابین بکەن".
ئەوەیش خراوەتەڕوو مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە شەشی حوەزیرانی ساڵی داھاتوو وەک وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیارییکراوە و گوتی: "سوورین لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدەین".
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی دەریکردووە، بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١دا بەڕێوەبچێت.