Rewa Mahmood Hasan
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ٢٦ی تەمووز کۆمەڵێک لە کارمەندانی بهڕێوهبهرایهتی هاتووچۆی سلێمانی بەنیازبوون لە نێو بینای فهرمانگهكهیاندا بەبیانوی پێنەدانی مووچەکانیان دەست به مانگرتن بكهن، بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی وەزارەتی ناوخۆ، پێنج کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەلایەن لیوای یەکی پاراستنی سلێمانیەوە دەستبەسەرکران و برانە فەوجی یەک لە گرتووخانەی کانی گۆمە، و دوای هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەک، ئازادکران.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی لەنێو بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، چەند کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەتۆمەتی لادان لە یاساکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستبەسەرکردووه و بەرەو گرتووخانەی کانی گۆمەیان بردوون، دوای مانەوەیان بۆ ماوهی چەند كاتژمێرێك، كارمهندهكان ئازاد کراون و گەڕاونهتهوه بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.
یەکێک لەو کارمەندانەی کە دەستبەسەرکراوه و نەیویست ناوی ئاشکرا بكات، ئاماژەی بهوهكرد، کە لە کاتی هێشتنەوەیان لە فەوجی یەکی گرتووخانەی کانی گۆمە، هیچ مامەڵەیەکی نەشیاویان لەگەڵدا نەکراوە، جهختی لهوهكردهوه تەنیا ئەوە بووە هەردوولا لەکاتی بەڕێکردنی ئەرکەکانیاندا دەمەقاڵێ و لێك تێنەگەیشتن لهنێوانیاندا روویداوە و دواجار لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی ناچاربوون ئەو کارمەندانە دەستبەسەربکەن.
سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کارمەندانهی پۆلیس کە دەستگیرکراون بەپێی یاسا لادهرن و بە فەرمانی بریکاری وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری سلێمانی، دەستگیرکراون و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ئازادکراون.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کارمەندانە بەپێی یاسا دەسەڵاتی مانگرتنیان نیە، چونکە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆن، بۆیە پێویست بووە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.